ناوهڕۆكی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران

ھەولێر-KDP.info- بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ خستنەڕووی هێڵە گشتییەکانی بودجەی ئەمساڵی 2021 و دۆخی ئاسایش لە هەرێمی کوردستان و چەند پرسێکی دیکە کۆببێتەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە راگەیێندراوێکدا ئەمڕۆ چوارشەممە 21ی نیسانی 2021 بڵاویکردووەتەوە، کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران چەند تەوەرێک لەخۆ دەگرێت لە گرنگترینیان، دوا پێشهاتەکانی بواری ئاسایش لە هەرێمی کوردستان و هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و رەوشی لێکۆڵینەوە و هەڵوێستی نێودەوڵەتی لەوبارەیەوە.
هەفتەی رابردوو 14ی نیسانی 2021، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بۆمبهەڵگر هێرش کراوەتە سەر بنکەی سەربازیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش، لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.
سەبارەت بە تەوەری دیکەی کۆبوونەوەکە، لەو راگەیێندراوەی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتووە، "لە کۆبوونەوەکە تاوتوێی خستنەڕووی هێڵە گشتییەکانی رەشنووسی یاسای بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی2021 لە بوارەکانی داهات و خەرجی و قەرز و پابەندە داراییەکان و کورتهێنان دەکات".
مانگی ئاداری ئەمساڵ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بودجەی گشتی عێراقی بۆ ساڵی 2021 پەسندکرد و پشکی هەرێمی کوردستانی بەرێژەی 13.9٪ـی بودجە دیاریکرد، دواتر حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد خێرا دەست بە هەنگاوەکانی ئامادەکردنی رەشنووسی بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2021 دەکرێت بۆ ئەوەی پەرلەمانی کوردستان لە زووترین کاتدا پەسەندی بکات.




