مریشك و خەیار و تەماتە و پەتاتە زیاد لە پێویستیی خۆمانە

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، پلانێكی ستراتیژییان داناوە، بۆ ئەوەی بەرھەمی ناوخۆ بە جۆرێك زیاد بكرێت، نەك تەنیا بەشی ناوخۆ بكات، بگرە بەشی عێراقیش دابین بكەن و ھەناردەی دەرەوەش بكرێت. دەشڵێ: "ئێستا بە كردار دەستمان پێكردووە و چەندین بەرھەم زیاد كراون، جگە لەوەش، دەمانەوێت بەرھەمەكان بكەینە چوار وەرزە".
حوسێن حەمەكەریم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ستراتیژی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و وەزارەتی كشتوكاڵ، پاراستنی بەرھەمی ناوخۆ و دابینكردنی ئاسایشی خۆراكە، ھەنگاوی یەكەمیش بۆ ئەوەیە، بتوانین پێداویستیی ناوخۆ دابین بكەین و دواتریش ھەناردەی دەرەوەی بكەین، ئەمەش پلانی ستراتیژیی وەزارەتی كشتوكاڵی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانە".
گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ ڕوونیشی كردەوە: "ئێمە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكاندا كار دەكەین و ھانی سەرمایەدار دەدەین لە بواری كشتوكاڵدا، بۆ ئەوەی بتوانین پێداویستیی ناوخۆ پڕبكەینەوە لە ھەموو بوارەكاندا، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین پڕۆژە ئەنجام دراون لەگەڵ دەستەی وەبەرھێنان و ئەوەی ساڵی ڕابردووش ڕامانگەیاند لە بواری بەبازاڕكردنی گەنم، بۆ ئەوەیە تا ئەو بەشەی لە ھەرێم ھەیە، بەپیشەسازی بكەین و هەروەها كار لەسەر بەرهەمهێنانی زۆرترین تەماتە و پەتاتە و بواری ئاژەڵداری و پەلەوەر دەكەین بۆ پڕكردنەوەی پێداویستیی ناوخۆ، كە زیادیش بوو، ھەناردەی دەرەوەی دەكەین".
حەمەكەریم ڕوونیشی كردەوە: "لە ئێستادا ھەنگاوی كرداریمان لەو بوارەدا ناوە و جگە لەوەی پێداویستیی ناوخۆ دابین دەكەین، بۆ عێراقیش رەوانە دەكرێت، بۆ نموونە مریشك كە لە بەشی ناوخۆ زیاترە، بۆ عێراق ھەناردەی دەكەین و خەیار و تەماتە و پەتاتەش كە زیاد لە پێویستیی خۆمانە، ھەناردەیان دەكەین، بۆیە ئێستا بە جۆرێكە لە كاتی پێگەیشتنی بەرھەم ھەمووی لە پێداویستیی خۆمان زیاترە و سەرەڕای ئەوەش، دەمانەوێت بیكەینە چوار وەرزە، بۆیە لە ھەموو بوارەكاندا پڕۆژەمان ھەیە".
دەشڵێ: "لە كاتی پێگەیشتنی بەرھەمەكاندا، ھاوردەكردنیان قەدەغە دەكەین و باجی دەخەینە سەر، بۆ ئەوەی ھانی جووتیاران بدەین كە زیاتر پەرە بە كاری كشتوكاڵی بدەن و سوودی لێ وەرگرن، بۆیە ئێستا پلان دانراوە و كراوەتە كرداری، بەردەوامیش دەبین تا بەرھەمی ناوخۆ چوار وەرزی پڕ دەكرێتەوە و دواتریش ھەناردەی دەرەوە دەكرێت و ئاستی ھاوردە كەم دەبێتەوە".
بڵند ئیبراھیم




