باڵاخانه‌ی نوێی پاسپۆرت و نشینگه‌ی هه‌ولێر كرایه‌وه

ھەولێر-KDP.info- له هه‌ولێر به ئاماده‌بوونی وه‌زیری ناوخۆ و پارێزگاری هه‌ولێر، باڵاخانه‌ی نوێی پاسپۆرت و نشینگه‌ی هه‌ولێر كرایه‌وه و دووپات كرایه‌وه به شێوازێكی نوێ و كورتخایه‌ن مامه‌ڵه‌ی هاووڵاتییان له‌و فه‌رمانگانه ڕایی ده‌كرێ.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه، دوای كردنه‌وه‌ی باڵاخانه‌ی نوێی پاسپۆرت و نشینگه‌ی هه‌ولێر ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زیری ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌نووسیدا، ئاماژه‌ی به‌وه كرد، كه كردنه‌وه‌ی باڵاخانه‌ی نوێی پاسپۆرت و نشینگه‌ی هه‌ولێر، ده‌ستكه‌وتێكی تره، كاریگه‌ریی راسته‌وخۆ له‌سه‌ر شێواز و چۆنیه‌تی پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری ده‌بێت و ده‌چێته خانه‌ی چاكسازی له بواری خزمه‌تگوزارییه‌كان، كه له كاتێكی كورت و گونجاو مامه‌ڵه‌ی هاووڵاتییان ڕێزلێگیراوانه ڕایی بكرێ.
وه‌زیری ناوخۆ، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد: له‌و فه‌رمانگانه‌دا پێشكه‌وتن و بازدان دروست بووه و ده‌ستخۆشی بۆ خه‌مخۆری و دڵسۆزیی ئه‌و فه‌رمانگانه ده‌كه‌ین.
دووپاتیشی كرده‌وه: ڕه‌زامه‌ندیی هاووڵاتیان و ئاستی خزمه‌تگوزاری له چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه، "هه‌وڵ ده‌ده‌ین له هه‌موو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی سه‌ر به ره‌گه‌زنامه به هه‌مان شێواز و كواڵیتی خزمه‌تگوزارییه‌كان پێشكه‌ش بكرێ".
سه‌رنجی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ش، كه چاكسازی له چوارچێوه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ، له رووی كارگێڕی و دارایی و خزمه‌تگوزاری له ئاستێكی باشدایه و هیوادارین له ئاست چاوه‌ڕوانی خه‌ڵكی كوردستان بین.
وه‌زیری ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له باره‌ی ڕێككه‌وتنی ئاساییكردنه‌وه‌ی ڕه‌وشی شنگال، گوتی: تا ئێسته ئه‌و هێزانه‌ی له شنگالن، هه‌مان ئه‌و هێزانه‌ن پێشتریش له‌وێن و هیچ هه‌نگاوێك بۆ جێبه‌جێكردنی ڕیككه‌وتنه‌كه نه‌كراوه، داوا له‌لایه‌نه سیاسییه‌كان و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ده‌كه‌ین، هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن، بۆ جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتننامه‌كه.
له باره‌ی هێرشی سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێریش، دووپاتی كرده‌وه، كه كارێكی تیرۆریستییه و ئیدانه‌ی ده‌كه‌ین، لێكۆڵینه‌وه بۆ زانینی لایه‌ن و سه‌رچاوه‌ی هێرشه‌كه به‌رده‌وامه، ئه‌وه‌ی جێی مه‌ترسییه فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان به‌كار هاتووه، تیرۆریستان چاویان به پێشكه‌وتن و ئارامیی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵنایه‌ت و له هه‌مان كاتدا به‌ئامانجگرتنی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانانه، ئێسته له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان و حكوومه‌تی عێراق له‌سه‌ر هێڵین بۆ ئه‌وه‌ی پێكه‌وه سنوورێك بۆ ئه‌و جموجۆڵانه دابنرێ و چی دیكه هه‌رێمی كوردستان نه‌بێته قوربانیی ئه‌و ململانێیانه‌ی له عێراق هه‌ن.
ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د، ئاماژه‌ی به ڕه‌وشی ناوچه سنوورییه‌كان كرد و وتی: ئه‌و كێشانه‌ی په‌كه‌كه دروستی ده‌كه‌ن، كێشه‌ی ده‌ره‌كین و داوامان كردووه كه ئه‌م كێشانه له خاكی عێراق و هه‌رێمی كوردستان دوور بخه‌نه‌وه، له دوا پێشهاتیشدا هاووڵاتییه‌ك به هۆی ئه‌و ڕه‌وشه‌وه بریندار بوو.




