٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کرێی خوێندنی کەسوکاری شەھیدان خەرج دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بەپێی فەرمانێکی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران کرێی خوێندنی کوڕ و کچی شەھیدان و زیندانیانی سیاسی خەرج دەکرێت و بەرپرسێکی وەزارەتی کاروباری شەھیدانیش دەڵێت، ئێستا چاوەڕێی وەزارەتی دارایین بۆ خەرجکردنی کرێی ساڵی ٢٠١٨-٢٠١٩ کە ١٩ ملیار دینارە  بۆ ھەموو ھەرێمی کوردستان.

داماو محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی شەھیدانی ئەنفالکراوانی ھەولێر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری خەرجکردنی پارەی کرێی خوێندنی کوڕ و کچی شەھیدان و زیندانیانی سیاسیی دەرکردووە و ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری کراوە بۆ خەرجکردنی کرێی ساڵی ٢٠١٨ و ٢٠١٩ کە ١٩ ملیار دیناری عێراقییە و نزیکەی ٧٠٠ قوتابی تەنیا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ھەولێرەوە ئامادە کراوە بۆ گەنجینە."

بەڕێوەبەری گشتیی شەھید و ئەنفالکراوانی ھەولێر دەشڵێت: "تەنیا لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شەھیدان و ئەنفالکراوانی ھەولێر لە ساڵی ٢٠١٨-٢٠١٩ نزیکەی دووھەزار قوتابیی کوڕ و کچی شەھیدان و ٢٥٠ کوڕ و کچی زیندانیی سیاسی لەسەر ئەرکی حکوومەت لە زانکۆ و پەیمانگا ئەھلییەکان درێژە بە خوێندن دەدەن، ئەوە جگە لە ٣٨٠ قوتابیی ساڵانی پێشتر کە مامەڵەیان تەواو نەبووە و ئەمساڵ کرێی خوێندن وەردەگرن."

داماو محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پارەکە خەرج دەکرێت و وەزارەتی دارایی بە قۆناغ بۆیان خەرج دەکات، بەڵام دواکەوتنی پارەی کرێی خوێندنی کەسوکاری شەھیدان بە مانای ئەوە نایەت ئاستەنگ بۆ خوێندنەکەیان دروست دەکات، لە خوێندن بەردەوام دەبن دوای وەرگرتنی پاڵپشتیی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئێمە بۆ ئەو زانکۆ، یان ناوەندەی قوتابی تێیدا درێژە بە خوێندن دەدات."

قائید میرۆ


 

هەواڵی پەیوەندیدار