خوێندنی ئەلکترۆنیی ئەم جارە لەسەر قوتابی بەھۆی کەمیی کات ئیجبارییە
__2021_04_19_h15m32s0__ER.jpg)
ھەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری پەروەردەی ناوەندی ھەولێر گوتی، بەھۆی ئەوەی کاتی کەم بۆ خوێندن لە بەردەست ماوە، ئەم جارە خوێندنی ئەلکترۆنی بووەتە ئیجباری و وەکوو پێشوو نییە، ئەگەر نا لە تاقیکردنەوەکان زیانیان بەردەکەوێت، بۆیە پێویستە قوتابیان ڕۆژانە پابەندی خوێندنی وانەکان بن.
دلێر عەبدولخاڵق، بەڕێوەبەری پەروەردەی ناوەندی ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بڕیاری وەزارەتی پەروەردە پێشتر ئەوە بوو کە خوێندنی ئەلکترۆنی نائیلزامییە، بەڵام ئەم جارە کە بڕیار دراوە خوێندن ئۆنلاین بێت، ئیجبارییە، چونکە دەرفەت نەماوە و ناکرێت بچنەوە ناو پۆل، بۆیە پێویستە سوود لە وانەکان وەرگرن و، پێویستە قوتابیان ڕۆژانە وانەکان بخوێنن. مامۆستایانیش دەتوانن ھەڵسەنگاندن بۆ قوتابییان بکەن و بزانن کە خوێندوویانە، یاخود نا، چونکە ھەم لە ڕێگەی ئەنتەرنێتەوە دەتوانن وانەکان وەربگرن و ھەم لە ڕێگەی کەناڵی پەروەردەییەوە. قوتابیانیش دەتوانن ھەفتانە ڕۆژێک بچنە قوتابخانە، ھەم بۆ ھەڵسەنگاندن و ھەم بۆ ھەر زانیاری و شیکردنەوەیەک."
دلێر عەبدولخاڵق گوتیشی: "قوتابی دەتوانێ لە کەناڵ بزانێت چ کاتێک وانەکان پەخش بکەن و چاودێری بکات و ئەگەر لە موبایل یەکجار داونۆڵدی بکات پێویستی زیاتر بە ئەنتەرنێت نابێت، بۆیە جارێ کار لەسەر ئەوە دەکرێت قوتابی بخوێنێت و ئەو جۆرە خوێندنە کاتییە تا لیژنە دادەنیشێت و دواتر بڕیاری دیکە دەدرێت."
عەبدولخاڵق باسی لەوەش کرد: "ئێستا دۆخەکە مەترسیدارە و ناتوانن بچنەوە پۆل، چونکە تەنھا لە سنووری ئێمە ھەزار حاڵەتی نەخۆشیی کۆرۆنا لە قوتابی و ماموستامان ھەبووە."
بڵند ئیبراھیم




