حسێن قائیدی: پەیامەکەی سەرۆکی هەرێم جێبەجێ دەکەین؛ ٣٥٤٥ کەسمان لە دەستی داعش ڕزگا کردووە
__2021_04_18_h15m33s7__ER.jpg)
دهۆک-KDP.info- بەرپرسی نووسینگەی ڕفێنراوانی کوردانی ئێزدی لە پارێزگای دهۆک ڕایگەیاند، پەیامی سەرۆکی هەرێم بۆ ڕزگارکردنی ڕفێنراوانی کوردانی ئێزدی هیوابەخشە و سەرۆکی هەرێم ئەمەی بە کردار سەلماندووە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێجێرڤان بارزانی لە پەیامێکی پێرۆزباییدا بە بۆنەی جەژنی چوارشەممەی سۆر ڕایگەیاند: "دیسانەوە ئێزدییان دڵنیا دەکەین تا یەک ئێزدیی ڕفێنراو مابێت ئێمە بە دوای چارەنووسیاندا دەبین و هەرچییەک پێویست بێت بۆ ڕزگارکردنیان ئامادە و بەردەوامین."
لەو بارەیەوە، حسێن قائیدی، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: '' سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڕیگەی نووسینگەی ڕفێنراوان بەردەوامە لە ڕزگارکردنی ڕفێنراوانی ئێزدی و پشتیوانیی تەواوی مافی ئێزدییەکانە."
قائیدی، ئاماژەیشی دا: "ئەوان بەردەوامن بە دوای ئاشکراکردنی چارەنووسی ڕفێنراوان و تا ئێستاش ئەو ڕفێنراوانە ئازاد دەکرێن و هەرچییەک بێ ئێمە ئامادەین بۆ ڕزگارکردنی دایک و خوشکەکانمان."
گوتیشی: ''لە نووسینگەکەمان توانیومانە تا ئێستا ٣٥٤٥ کەس ڕزگار بکەین، ئەمەش بەپێی ڕاسپاردە و بڕیارەکانی سەرۆکی هەرێمە، تا یەک کەس مابێت بەردەوام دەبین لە ڕزگارکردنیان."
کــاروان بــاعەدری




