٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارتی ئامادەیە كۆبوونەوەكان ببنە دەوری

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- راوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، كۆبوونەوەی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان، دەستپێكێكی باش بوو بۆ باشتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان لایەنەكان، بڕیاریشە كۆبوونەوەكان بكرێنە دەوری و، پارتیش پێی باشە پەیوەندیی نێوان لایەنەكان لە ناوخۆ باش بێت و كێشە لە نێوخۆی ھەرێمی كوردستاندا نەبێت.

عارف روشدی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەكانی ھەرێمی كوردستان زۆر باشە، بە تایبەت دوای كۆبوونەوەی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ ھێز و لایەنە سیاسییەكان و ھاتنی لایەنەكان بە دەم بانگەوازی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، كە قبووڵیان كرد و ھەر لایەنێك رای خۆی باس كرد و كۆبوونەوەكەش زۆر ئەرێنی بوو، بۆیە بڕیار درا كە كۆبوونەوەكان بەردەوام بن.

روشدی گوتیشی: "بۆ ئەوەی لێكنزیكبوونەوەی زیاتر لە نێوان لایەنەكاندا ھەبێت، بڕیارە كۆبوونەوەی دەوری لە نێوان لایەنەكاندا بكرێت، پارتی دیموكراتی كوردستانیش ئامادەیە بۆ ئەوەی كۆبوونەوەكان ببنە دەوری و زۆرینەی لایەنەكانیش لە كۆبوونەوەكەدا ھەمان رایان ھەبوو، چونكە ئێمە دەمانەوێت پەیوەندیی لایەنەكان لە نێوخۆ باش بێت و كێشە نەبێت".

راوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان باسی لەوەش كرد، پێویستە ئەو لایەنانەی لە حكوومەت وەزیر و بەرپرسیان ھەبێت، پشتگیری لە حكوومەت بكەن و لەگەڵ سیاسەتی حكوومەتدا بن، چونكە كاتی راگەیاندنی كارنامەی حكوومەت، پشتگیرییان كردووە و ئێستا ئەوەی ببێتە ئۆپۆزسیۆن، كارێكی باش نابێت، بۆیە ھەر گلەییەك ھەبێت، پێویستە لە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران قسەی لەسەر بكرێت و باش نییە لە راگەیاندنەكان باس بكرێت، لەبەر ئەوەی ئەوانە ئەندامی كابینەی حكوومەتن و پێویستە ھەر بەرپرسێك یان وەزیرێك، كاری خۆی بكات.

 

بڵند ئیبراھیم   

هەواڵی پەیوەندیدار