سعوود مەلا: دۆخەکە بەو شێوەیە بێت ئێمە ئامادەی دانوستان نابین

رۆژئاوای کوردستان-KDP.info- سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا رایگەیاند، تەڤدەم بەردەوامە لە دروستکردنی بەربەست لە بەردەم دەستپێکردنەوەی دانوستان لە رۆژئاوای کوردستان و، شەوی ڕابردووش جارێکی دیکە ھێرشی کردووەتە سەر بارەگایەکی ئێمە، ئەمەش وا دەکات کە دانوستانەکان دەست پێنەکەنەوە، بۆیە پێویستە ئەمەریکا بێتە سەر هێڵ و ئەو کێشەیە چارە بکات.
سعوود مەلا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، دۆخی رۆژئاوای کوردستان ھەمیشە خراپ بووە و ھەر وا خراپتریش دەبێت، پەیوەندیەکانی نێوان ئێمە و تەڤدەمیش خراپن بە ھۆی ئەوەی بەردەوام ھێرشی سەر بارەگاکانی ئێمە دەکەن و، شەوی ڕابردووش جارێکی دیکە لە گرکێلەک ھێرشیان کردووەتە سەر بارەگاکە و کەسەکانیان گرتووە و ھەمو کەلوپەلەکانیشیان لێ ستاندوون، ئەمەش وای کردووە پەیوەندییەکان زیاتر تێکبچن، بۆیە دانوستان بەو شێوەیە ناکرێت، چونکە پێویستە دۆخەکە ئاسایی بێت و کەشەکە بۆ دانوستان لەبار بێت.
مەلا گوتیشی، تەڤدەم ھیچ ھاوکار نییە بۆ دانوستان و ئەمەریکاش بێدەنگە، بۆیە پێویستە ئەوان بێنە سەر هێڵ و دۆخەکە ئاسایی بکەنەوە، بۆ ئەوەی دانوستانەکان دەست پێبکەنەوە، چونکە تا ئێستا ھیچ رێککەوتنێک نەکراوە.
ناوبراو باسی لەوەش کرد، تەڤدەم بەردەوامە لە گرتنی ئەندام و لایەنگرانی ئێمە، بە جۆرێک بەردەوام دەستگیریان دەکەن، کە نازانین ژمارەیان چەندە لە زیندانەکاندا و ھەشت سەرکردەشمان نزیکەی حەوت ساڵە بێسەروشوێنن و یەکێک لە مەرجەکانی ئێمەش، ئازادکردنی زیندانیان و ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەو ھەشت سەرکردەیەی ئێمەیە.
دەشڵێ، تاوەکو دۆخەکە بەو شێوەیە بێت، ئێمە ئامادەی دانوستان نابین، چونکە ناکرێت یەکێک ھێرشی سەر ماڵت بکات و دەستگیرت بکات، تۆش دانوستانی لەگەڵ بکەیت.
بڵند ئیبراھیم




