٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەبەرهێنانی دهۆک: پێویستە هاووڵاتییان پارەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان ڕادەستی کۆمپانیا نەکەن

سەرچاوە: KDP.info

دهۆک-KDP.info- لە پارێزگای دهۆک مۆڵەت بە جێبەجێکردنی ژمارەیەک پرۆژەی وەبەرهێنان دراوە و بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی دهۆکیش دەڵێت، یەکێک لەو پڕۆژانەی مۆڵەتی پێ دراوە پڕۆژەیەکی کەرتی کشتوکاڵە و لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوین یەکەمە.

کوردۆ ئیحسان، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی دهۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بۆ ئەوەی مافی خەڵک نەفەوتێت دەستەی وەبەرهێنان سیستەمی پێدانی پارە بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی گۆڕیوە و هەموو کۆمپانیاکان ژمارەحیسابی تایبەت بە خۆیان هەیه و هاووڵاتییان لە کاتی کڕین، یان دانی قیستی مانگانە دەتوانن لە ڕێگەی بانکەوە پارەکانیان بە کۆمپانیا بدەن، بەپێچەوانەوە هاووڵاتی لە کاتی پابەندنەبوون تووشی کێشە دەبێت".

بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی دهۆک دەشڵێت: "بەداخەوە هەندێ هاووڵاتی پابەندی بڕیار و ڕێنماییی حکوومەت نابن لە کاتی دانی پارەکەیان و لەبری بانک ڕادەستی کۆمپانیای دەکەن، ئەوەش هۆکاری ئەوەیە زۆرجار کێشە بۆ هاووڵاتی دروست ببێت و مافی بفەوتێت."

لەبارەی پرۆژەی نوێوە، کوردۆ ئیحسان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "مۆڵەت بە ژمارەیەک پڕۆژە دراوە، بەتایبەتی دەمانەوێ زیاتر گرینگی بە کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتیاری بدەین، یەکێک لەو پڕۆژانەی مۆڵەتی پێ دراوە پڕۆژەیەکی کەرتی کشتوکاڵە و لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوین یەکەمە."

قائید میرۆ


 

هەواڵی پەیوەندیدار