بە سەرمایەی حەوت ملیۆن دۆلار، مۆڵەت بە پڕۆژەیەكی ئاژەڵداری درا

ھەولێر-KDP.info- سەرۆكی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ بە سەرمایەی حەوت ملیۆن دۆلار، مۆڵەت بە پڕۆژەیەكی ئاژەڵداری لە پارێزگای هەڵەبجە درا، كە پڕۆژەیەكی زۆر گەورەیە و بڕیارە راستەوخۆ دەست بە دروستكردنی بكرێت و ھەر ئەمساڵیش دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
د. محەمەد شوكری، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، ئەمڕۆ مۆڵەت بە پڕۆژەیەكی ئاژەڵداری درا، كە لە سنووری پارێزگای ھەڵەبجە دروست دەكرێت و راستەوخۆ كاركردن لەو پڕۆژەیەدا دەست پێدەكات، كە ھەر ئەمساڵیش پڕۆژەكە تەواو دەبێت و دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، كە پڕۆژەیەكی گەورەیە و بە سەرمایەی حەوت ملیۆن دۆلار دروست دەكرێت.
شوكری گوتیشی، ئەو پڕۆژەیە تایبەتە بە بەخێوكردن و بەرووبومی ئاژەڵ، ئەمەش كاریگەریی زۆری دەبێت بۆ گرنگیدان بە بەرھەمی ئاژەڵ و سامانی ئاژەڵ لە ھەرێمی كوردستاندا، كە ئەو پڕۆژەیەش لە شێوەی كێڵگەییە بۆ بەخێوكردنی مانگا لە ناوچەكەدا.
سەرۆكی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی كوردستان ڕوونیشی كردەوە، ئەو پڕۆژەیە سەرمایەداری ناوخۆی ھەرێم دروستی دەكات و دەبێتە ھۆی ئەوەی ژمارەیەكی زۆری ھەلی كار بۆ ناوچەكە و ھاووڵاتیان بڕەخسێنێت، بە تایبەت بۆ ئەوانەی بێكارن، بۆیە ئەم پڕۆژەیە زۆر گرنگە.
بڵند ئیبراھیم




