٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەرلەمانی كوردستان زۆر بە توندی سەرکۆنەی هیرشە تیرۆریستیەکەی سەر فڕۆکەخانەی نیودەوڵەتی هەولێر دەکات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- پەرلەمانی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا زۆر بە توندی سەرکۆنەی هێرشە تیرۆریستیەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر دەکات.

دەقی راگەیەندراوەكە:

پەرلەمانی كوردستان ، زۆر بە توندی ئەو هێرشە تیرۆریستیە سەرکۆنە و مەحکوم دەکات، کە لە ڕێگەی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانەوە شەوی ٢٠٢١/٤/١٤ کرایە سەر بنکەیەکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە نێو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر.

ئەم هێرشە تیرۆریستییە کە بۆ جاری سێیەمە لە ماوەی ٧ مانگی ڕابردوودا، پێشهاتێکی جێی نیگەرانی و توڕەیی گەلی کوردستانە، و ئەو هێز و لایەنە تیرۆریستی و لە یاسادەرچووانەی لە پشت ئەنجامدانیەوەن ، دەبێت لە زووترین کاتدا لە لایەن حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان ئاشکرا بکرێن، و میکانیزمێکی گونجاو بدۆزرێتەوە بۆ دوورخستنەوەی سەرچاوەی ئەم هێرشە تیرۆریستیانەیە و هەوڵدانی جددی بۆ رێگریکردن لە دووبارە بوونەوەی لە ئایندەدا.

لیژنە تایبەتەمەندەکانی پەرلەمان ڕادەسپێرین لەگەڵ لایەنی پەیوەندییدار لە پەیوەندی بەردەوامدا بن، بۆ بەدواداچوونی هەوڵەکانی ئاشکراکردنی ئەو لایەنە تیرۆریستییەی کە لە پشت ئەنجامدانی ئەو هێرشەوە بوون.

ئەنجامدانی ئەم کردەوە تیرۆریستییە لە رۆژی ٤/١٤ کە ٣٣ یەمین ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژی ئەنفالی گەلی کوردستانە ، ئەو ڕاستییە بۆ گەلەکەمان دووپات دەکاتەوە، کە هەڕەشەو مەترسییەکان لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان و ئاشتی و سەقامگیری هەرێمی کوردستان بەردەوامەو دەبێت لە بەرامبەریشدا گەلەکەمان و لایەنەکان، یەکڕیزتر و تەباتربن، تا پێکەوە ڕووبەڕووی سەرجەم ئاستەنگ و هەڕەشەکان ببینەوە.

ئیرادەی گەلی كوردستان بۆ پیشکەوتن و پیکەوەژیان و سەقامگیری هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستان زۆر لەوە بەهێزترە بەم کردەوە تیرۆریستییە ترسنۆکانەیە لەق ببیت.

 

سەرۆکایەتیی پەرلەمانی كوردستان

١٥ی نیسانی ٢٠٢١

 

هەواڵی پەیوەندیدار