٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فەرمانگەی ژینگە لە هەڵەبجە دەكرێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەڵەبجە-KDP.info- سەرۆكی دەستەی ژینگەی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، دیاریكردنی ڕۆژێك بۆ ژینگە لە هەرێمی كوردستان، لەسەر بنەمای ئەو هێرش و بۆمببارانە بوو، كە لە ساڵی 1987 كرایە سەر بالیسان و شێخ وەسانان، ئەمەش وەك وەڵامدانەوە و بەرپەرچدانەوەیەك بوو بۆ چاككرن و پاراستن و پاككردنەوەی ژینگەكەمان. دەشڵێ، بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران، فەرمانگەی ژینگە لە پارێزگای هەڵەبجە دەكرێتەوە.

عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆكی دەستەی پاراستن و ژینگەی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: "لە ئێستادا لەبیری ئەوەداین كە هەر بە بڕیاری نەتەوە یەكگرتووەكان بابەتی ژینگە دەبێت وردتر ببێتەوە بۆ بابەتی لۆكاڵی و لۆكاڵیتر، بەو مانایەی ئێمە تاوەكو ئێستا هاتووین لە هەرێمی كوردستاندا رۆژی ( 16-4 ) وەك رۆژی ژینگەی كوردستان دیاری كردووە، كە لەم ڕۆژەدا یەك هەفتەمان ڕاگەیاندووە بە ناوی هەفتەی هۆشیاری، هەڵمەتی هۆشیاری یەكێكە لەو كارانەی كە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێم لە ماددەی ( 10 )ی كارنامەكەی خۆیدا لە بەشی خزمەتگوزارییەكان، ئەركی هۆشیاریی  ژینگەیی و كەمكردنەوەی مەترسییەكانی بە دەستەی ژینگە سپاردووە، ئێمە بۆ ئەوەی كە بابەتی ژینگە لە ڕۆژی ژینگەوە بكەینە ژینگەی ڕۆژ،  لە هەوڵی ئەوەداین لەگەڵ تەواوی ئیدارە سەربەخۆكان و پارێزگاكان بە ڕێكەوتن لەگەڵ لایەن پەیوەندیدارەكان هەر ئیدارە و پارێزگایەك ڕۆژی ژینگەی خۆی هەبێت، چونكە لەو كاتەدا ئێمە زیاد لە ڕۆژێكمان دەبێت  بۆ هۆشیاریی ژینگەیی، لەبەر ئەوەی مەسەلەی ژینگەیی، بە دوو باڵدا دەڕوات، باڵێكیان یاسایە و باڵێكیان هۆشیارییە، لە ڕێگەی ئەو هەڵمەتانەی كە لەم ساڵدا كە بۆ هۆشیاری ژینگەیی بەڕێوە چوو، بە شایەتیی هەموو لایەك، لە ئاستێكی فراواندا بووە".

سدیق گوتیشی: "لە ساڵی ڕابردووەوە، هەوڵێكی زۆرمان دا بۆ ئەوەی وەك هەر پارێزگایەكی دیكە فەرمانگەی ژینگە لە هەڵەبجە بكرێتەوە، خۆشبەختانە ئێستا بڕیار لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ كردنەوەی فەرمانگەكە هەیە لەو پارێزگایە، هەر بۆیە هەفتەی ڕابردوو بە نووسراوی فەرمی، پارێزگای هەڵەبجە ئاگاداریان كردینەوە كە ئامادەی هەموو هاوكارییەكن لەگەڵ دەستەی گشتیی ژینگەی هەرێم بۆ بابەتەكە و كەسێكیشیان وەك كاندید بۆ وەرگرتنی پۆستی فەرمانگەكە دەستنیشان كردووە، بێگومان كردنەوەی فەرمانگە لە پارێزگای هەڵەبجە گرنگە و دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی ئەركی پارێزگای سلێمانی لە بواری ژینگەدا، لە هەمان كاتیشدا كێشە ژینگەییەكان لە هەڵەبجە خاوەنی تایبەتمەندیی خۆیانن، كە فەرمانگەكە دەتوانێت كاریان لەسەر بكات".

سەركی دەستەی گشتیی ژینگە ڕوونیشی كردەوە: "گرفتە سەرەكییەكانی بەردەم ژینگە، بە پلەی یەكەم یاسایین، ئێمە یاسایەكمان هەیە بە ناوی یاسای ژمارە (8)ی ساڵی 2008، ئەم یاسایە كاتێك نووسراوە، كە ئەم دەستەیە وەزارەت بوو، بۆیە تەواوی ئەو دەسەڵاتانەی هەیە لەنێو ئەو یاسایەدا بڵندترە لە ئاستێكدا، بەڵام كاتێك دەگۆَڕدرێت بۆ دەستە، بەپێی یاسای ژمارە (3)ی ساڵی 2010، دەسەڵاتەكان كەم كراونەتەوە، بۆیە ئێستا ڕەشنووسێكمان ئامادە كردووە لە ڕێگەی بەشی یاسایی ئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆ ئەوەی ڕەوانەی پەرلەمان بكرێت بە مەبەستی هەمواركردنەوەیان".

 

ئەرسەلان ئەحمەد

 

هەواڵی پەیوەندیدار