ئومێد خۆشناو: جووتسایدی هەولێر - گوێڕ بە گوژمەی ۲۰ ملیار دینار جێبەجێ دەكرێت

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ بەردی بناغەی جووتسایدی هەولێر - گوێڕ دانرا، پارێزگاری هەولێریش دەڵێت، بە تەواوبوونی ئەم ڕێگایە، ئاسانكارییەكی تەواو بۆ جووتیاران و هاووڵاتیانی ئەم سنوورە دەكرێت، كە بە هۆی بۆشایی ئەمنییەوە بێبەش بوون لە خزمەتگوزارییەكان، ئەمە بۆ پەرەپێدانی كوشتوكاڵ و پیشەسازی زۆر گرنگە و هەلی كاریش بۆ دانیشتووانی سنوورەكە دابین دەكات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەلایەن پارێزگاری هەولێر و جێگری پارێزگاری نەینەواوە، بەردی بناغەی هەولێر - گوێڕ، گوێڕ - مووسڵ دانرا. لەو بارەیەوە، پارێزگاری هەولێر، ئومێد خۆشناو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو ڕێگایە كە لە گوێڕەوە بۆ هەولێر دەبێت بە جووتساید، درێژییەكەی ۳٥كیلۆمەترە، كە كەمتر لە ۱۹مانگ، وادەی دیاریكراوی تەواوبوونی پڕۆژەكەیە و بە بڕی ۲۰ملیار دیناری عێراقی جێبەجێ دەكرێت".
خۆشناو گوتیشی: "ئەو ناوچەیە، ناوچەیەكی كوردستانیی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانە، هەروەها ناوچەیەكە كە لە ڕابردوودا بێبەش بووە لە بەشێكی گرنگ لە خزمەتگوزارییەكان، كەرتی كشتوكاڵی لەم ناچەیە بابەتێكی گرنگی ژیانی هاووڵاتیانە، بۆیە بە تەواوبوونی ئەو رێگایە، ئاسانكارییەكی تەواو بۆ جووتیاران و هاووڵاتیانی ئەو سنوورە دەكرێت بۆ پەرەپێدانی بابەتی كشتوكاڵی، هەروەها لەلایەكی دیكەوە ناوچەیەكی پیشەسازیشە كە كۆمەڵێك كارگەی گەورە و بچووك و مامناوەند لەو ناوچەیە هەن، بۆیە بە دڵنیاییەوە تەواوكردنی ئەو جووتسایدە، ئاسانكارییەكی باش دەكات بۆ پێشوەچوونی كەرتی كشتوكاڵی و پیشەسازی، هەروەها دەرفەتی گەورەی كار بۆ دانیشتووانی ناوچەكە دابین دەكات و ئاسانكاریی هاتوچۆی نێوان هەولێر- گوێڕ و گوێڕ - مووسڵیش دەڕەخسێنێت".
فایزە كۆیی




