بابەکر زێباری: پێویستە حەشد لە سنووری نێوان پێشمەرگە و سوپا دوور بخرێتەوە

ھەولێر-KDP.info- راوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو ھێرشەی شەوی رابردوو کرایە سەر ھەولێر، دوژمنکارانە بووە و ئەو ھێزە ئیمکانیاتی زۆری ھەبووە و پشتگیرییان دەکرێت، بۆیە تاوەکو لە سنووری نێوان پێشمەرگە و سوپا دوور نەخرێنەوە، مەترسی بەردەوام دەبێت و پێویستە حکوومەتی عێراق و ھاوپەیمانانیش کاردانەوەیان ھەبێت، چونکە ئەوان دەیانەوێت دۆخی ھەرێم تێک بدەن و ھاوپەیمانانیش دەکەنە ئامانج.
بابەکر زێباری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ھێرشەکەی شەوی رابردوو بۆ سەر ھەولێر، دوژمنکارانە بوو، بۆ ئەوەی دۆخی کوردستان تێک بدەن و ئەوانەی ئەو کارەشیان کردووە، توانای زۆریان ھەیە کە فڕۆکەیان ناردووە و تەقەمەنییان بەرداوەتەوە و لەو شوێنەی مەبەستیان بووە تەقیوەتەوە، کە ئەوە لە کامێراکان دەرکەوتووە، بۆیە ئەوانە چەکی باشیان ھەیە و پشتگیرییان دەکرێت، ئەگەر نا ناتوانن ئەو کارە بکەن.
زێباری گوتیشی، ئەوانە، ئەو کارە لەسەر سنووری نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دەکەن، بۆیە پێویستە حکوومەتی عێراق لەو ناوچانە دووریان بخاتەوە و ھێزی خۆیان لە شوێنی ئەوان دابنێت، یان بە ھێزی ھاوبەش پڕی بکەنەوە، ئەگەر نا ئەو جۆرە ھێرشانە بەردەوام دەبن.
راوێژکاری سەربازیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان روونیشی کردەوە، ئەوان ھاوپەیمانان دەکەنە ئامانج، بۆیە پێویست بوو بێدەنگ نەبن و کاردانەوەیان ھەبێت و لە تۆڵەی ئەوە، دەبووایە ٢٠ جار ئەوانیان بۆردوومان کردبووایە، بۆیە ئەو مەترسییە بەردەوام دەبێت تا ئەوانیش بەو شێوەیە بەردەوام بن و رێگرییان لێ نەکرێت.
بڵند ئیبراھیم




