مەسرور بارزانی: هاووڵاتیان دڵنیا دەکەمەوە تیرۆریستانی پشت ئەم هێرشەی ئەمشەو باجی کردەوەکانیان دەدەن

هەولێر-KDP.info- مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی بەهۆی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی هەولێر بڵاوکردەوە.
دەقی پەیامەکە:
بە توندترین شێوە سەرکۆنە و ئیدانەی هێرشە تیرۆریستییەکەی ئەمشەوی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و بنکەی سەربازی تورکیا لە باشیک و ئەو گرووپە تیرۆریستییەی لە پشت ئەم کارەوەن دەکەم.
هێرشەکانی ئەم دواییە هەوڵێکی زۆر دیار و ئاشکران بۆ تێکدانی ئارامیی و ئاسایشی ئێمە و هەماهەنگیمان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.
هەر گرووپێکی چەکدار کە لە چوارچێوەی هێزە ئەمنییە فەرمییەکانی عێراقدا نەبێت، دەبێت دەستبەجێ لەسنووری هەرێمی کوردستان بکشێنەوە. لە ڕۆژانی داهاتوودا من لەگەڵ هاوبەشانمان لە عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گفتوگۆ لەسەر ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوە دەکەم.
ئەمشەو لەگەڵ سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمان قسەم کرد، بۆ جەختکردنەوە و دووپاتکردنەوەی هەماهەنگیمان دەربارەی ئامانجی هاوبەشمان بۆ لێپرسینەوە لەو گرووپە نایاساییانە.
خەڵکی هەرێمی کوردستان دڵنیا دەکەمەوە کە ئەندامانی گرووپی تیرۆریستی پشت ئەم هێرشەی ئەمشەو، باجی کردەوەکانیان دەدەن.




