د. ئەرشەد تەھا: لەگەڵ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی بودجە جووڵە دەکەوێتە بازاڕی ھەرێمی کوردستانەوە

هەولێر-KDP.info- بڕیارە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان ھەردوولا حکومەتی فیدڕاڵ بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات و ڕاوێژکاری ئابووریی پەرلەمانی کوردستانیش پێی وایە، لەگەڵ گەیشتنی پارەکە لە بەغداوە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر جووڵەی بازاڕ دەبێت و ھەرێمی کوردستان دوای حەوت ساڵی قەیرانی دارایی بەرە و گەشەکردن دەچێت.
د. ئەرشەد تەھا، ڕاوێژکاری ئابووریی پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەنجامدانی ڕێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا لەبارەی بودجەوە کاریگەریی لەسەر ڕەوشی ئابووریی ھەرێمی کوردستان دەبێت، بەڵام کاریگەریی ڕێککەوتنەکە لەسەر خەڵک و بازاڕ ئەوکاتە زیاتر بەدەر دەکەون کە پارە لەلایەن بەغداوە ڕەوانەی ھەرێمی کوردستان دەکرێت، چونکە تا پارە نەیەتە نێو بازاڕەوە کاریگەریی دیار نابێت، چونکە حەوت ساڵە ھەرێمی کوردستان لە قەیرانی داراییدایە و بەغدا ھیچ بەشە بودجەیەکی بۆ ھەرێمی کوردستان نەناردووە."
ئەو ڕاوێژکارە ئابوورییە گوتی: "لەگەڵ گەیشتنی پارەکەی بەغدا ڕاستەوخۆ بازاڕ جووڵەی دەبێت و کاریگەریی ڕێککەوتنی نێوان ھەردوو حکوومەت بەدیار دەکەوێت، لەبەر ئەوەی ھاتنی پارە بۆ بازاڕ ھۆکارە و بازاڕی ھەرێمی کوردستان دوای حەوت ساڵ بێپارەیی گەشەیەکی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت."
د. ئەرشەد تەھا ڕوونی کردەوە: "جگە لە مووچەی مانگانە، بەغدا سێ مووچەی سەرەتای ئەمساڵ قەرزاری ھەرێمی کوردستانە و پێویستە ھەرسێ مووچەکە ڕەوانەی ھەرێمی کوردستان بکات، لەبەر ئەوەی یاسای بودجە لە سەرەتای ساڵەوە ھەژمار کراوە بۆ کۆتاییی ساڵ، لەبەر ئەوەش ھاتنی ئەو پارەیە لە بەغداوە بازاڕەکان دەبووژێنێتەوە، بەتایبەتی جگە لە قەیرانی دارایی قەیرانە سیاسییەکانیش ھۆکار بوون لەسەر تێکچوونی ڕەوشی ئابووری و پەککەوتنی بازاڕ."
قائید میرۆ




