٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

" پێویستە پەرلەمانی عێراق بڕیارێکی تایبەت بۆ قەرەبووکردنەوەی کەیسی ئەنفال بدات"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- وێڕای ھەبوونی بڕیاری دادگا بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتوانی ئەنفال ھێشتا حکومەتی فیدراڵ ئامادە نەبووە خەڵکی زیانلێکەوتوو قەرەبوو بکاتەوە، سەرۆکی دەستەی پارێزەران لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقیش دەڵێت، پێویستە پەرلەمانی عێراق بڕیارێکی تایبەت بۆ قەرەبووکردنەوەکە دەر بکات.

د. عەبدولڕەحمان حاجی زێباری، سەرۆکی دەستەی پارێزەران لە دۆسیەی ئەنفال بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی ھەوڵی خۆمان خستەگەڕ بۆ بەجینۆسایدناساندنی ھەر حەوت کەیسی تاوانەکانی دژی کورد لەلایەن ڕژێمی ئەوکاتی عێراقەوە، دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق تاوانی ئەنفالی بە جینۆساید ناساند و دواتر لەلایەن پەرلەمانی عێراقیشەوە بڕیاری بەجینۆسایدناساندنی پەسەند کرا، بەڵام قۆناغی دووەم کە قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتوانی تاوانی جینۆسایدی کوردە جێبەجێ نەکراوە."

سەرۆکی دەستەی پارێزەران لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق دەشڵێت: "قەبارەی زیانەکانی جینۆسایدی خەڵکی کوردستان ئێکجارە زۆرە و ئەرکی حکومەتی فیدراڵە قەرەبووی زیانلێکەوتوانی تاوانەکە بکاتەوە، ھەروەک چوون لەنێو یاسای بودجەدا قەرەبووی کوێت و زیانلێکەوتوانی تیرۆر جێی کراوەتەوە، بەڵام جینۆسایدی خەڵکی کوردستان جێگەی نەکراوەتەوە."

د. عەبدولڕەحمان حاجی زێباری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "کاتێک دادگا ئەنفالی بەجینۆساید ناساند و پەرلەمان پەسەندی کرد خۆ دەبێت لێکەوتەکانیش لە بەرچاو بگرن، من پێم وایە دوو ھۆکار ھەن حکومەتی فیدڕاڵ جیددی نییە لە قەرەبووکردنەوەی خەڵکی زەرەرمەندی ئەنفال، یەکەم نوێنەرانی کوردستان لە بەغدا پێویستە فشار بخەنە سەر حکومەتی عێراق، دووەم ئەرکی پەرلەمانی عێراقە بڕیارێکی تایبەت بۆ خەرجیی قەرەبووکردنەوەی پاشماوەکانی جینۆسایدی کوردستان بدات."

 

قائید میرۆ


 

هەواڵی پەیوەندیدار