ناوەندی ڕەوەندی كوردی، لە یادی كارەساتی ئەنفالدا پەیامێكی بڵاو كردەوە

ئەورووپا-KDP.info- لە یادی 33 ســاڵــەی كارەساتی ئەنـفـالدا، ناوەندی ڕەوەندی كوردی لە دەرەوە، پەیامێكی بڵاو كردەوە و رایگەیاند، دەبێ بە پشتیوانیی گشت لایەك، كار بۆ بەجینۆسایدناساندنی ئەنفال و كیمیاباران و كۆمەڵكوژیی ئێزدییەكان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا بكرێ، هاوكات داوای قەرەبووكردنەوەی زیانەكانیشیان بكرێ و، تاوانباران پەلكێشی دادگا بكرێن.
لە بەیاننامەیەكیاندا، ناوەندی رەوەندی كوردی لە ئەورووپا، كە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان نێردراوە، سەبارەت بە یادی 33 ساڵەی كارەساتی پڕۆسەكانی ئەنفال، وێڕای دانەواندنی سەری رێز و نەوازشیان، رایانگەیاند، كە كارەساتی ئەنفال (al-Anfal Campaign) جینۆسایدی كورد، ئەو كۆمەڵكوژییەی بەسەر كوردا هاتووە لەباشووری كوردستان، نزیكەی پـێـنـج هەزار گوندی وێران كرد و، زیاتر لە 182 هەزار مرۆڤی كوردی راپێچی بیابانەكانی خوارووی عێراق كرد و زیندە بەچاڵی كردن، ئەو جینۆسایدەش لە لایەن حیزبی بەعسی عێراقییەوە بووە، بە ئاڕاستەی پاكتاوی نەتەوەی كورد.
هەر لە بەیاننامەكەی ناوەندی رەوەندی كوردیدا، ئاماژە بەوەش كراوە، كە ئەو كۆمەڵكوژییە راستەوخۆ لە لایەن عەلی حەسەن مەجید سەركردایەتی كراوە، كە لە كۆتایی شەڕی عێراق - ئێران ئەو جینۆسایدە بە چەند قۆناغێكی جیاواز و لەسەر ناوی سورەتی ئەنفال ئەنجام دراون، كە رژێمی عێراقی دەیویست لەو رێگەیەوە كورد لەو ناوچانە پاكتاو بكات، تا دواتر بە ھەڵمەتی تەعریب، بوونی كورد بسڕێتەوە، زوڵم و زۆر و كوشتارەكانی رژێم لە ساڵانی ھەشتاكان و لە پاڵ شەڕی عێراق ئێراندا بەردەوامیی ھەبوو، تا لە ساڵی 1988 تاوانەكان گەیشتنە لوتكە.
لە بەیاننامەی ناوەندەكەدا، ئاماژە بە ئەنفالكردنی كوردانی فەیلی كراوە، كە رژێمی سەددام كەمینەكانی عێراقی بێبەش نەكردبوو لە چەوساندنەوە و تاوان، زۆربەی گوندەكانیان خاپوور دەكردن، بە شێوەیەك لە سەرانسەری كوردستان تاوانەكان سنووری یاساكانی مرۆڤایەتیی بەزاند، پڕۆسەی تاوانی ئەنفال لەبەرانبەر كوردانی فەیلی و دواتر لە ساڵی 1986وە دەستی پێكرد، كە بە یەكەم ئەنفال ھاتە ناساندن، لە 23.02.1988 وە دەستی پێكرد و تا 19.03.1988 ی خایاند، ئەنفالی دوو لە 22ی ئادار تاكو 1ی نیسانی 1988 كۆتایی هات.
ئەنفالی سێ، لە 7 تا 20ی نیسانی 1988 بوو، شاڵاوی ئەنفالی سێ كە ناوچەی گەرمیانی گرتەوە، گەورەترین و بەرفراوانترین هێرش و پەلامار بوو لە ساڵی 1988 بۆ سەر كوردستان، بێگومان رژێمی بەعس قۆناغەكانی دیكەی ئەنفالی تەواو كرد تا گەیشتە قۆناغی8.
لە كۆتایی بەیاننامەی ناوەندی رەوەندی كوردیدا، جەخت لەوە كراوەتەوە، كە دەبێ بە پشتیوانیی گشت لایەك، كار بۆ بەجینۆسایدناساندنی ئەنفال و كیمیاباران و كۆمەڵكوژیی ئێزدییەكان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا بكرێ، هاوكات داوای قەرەبووكردنەوەی زیانەكانیشیان بكرێ و، تاوانباران پەلكێشی دادگا بكرێن، تا رێگا لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە تاوانانە دەرھەق بە كورد و كورستانیان بگیرێت.
خێڵان بەختیار




