٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"بەغدا لە بەرامبەر نەوت و داھاتدا، بودجە بۆ ھەرێمی کوردستان رەوانە دەکات"

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی نیشان داوە بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عێراق و شاندێکیش بۆ دانانی میکانیزمی جێبەجێکردنی، رەوانەی بەغدا دەکات، بۆیە بەغداش نابێت منەت بەسەر ھەرێمدا بکات، چونکە ھەرێم نەوت و داھات رادەستی ئەوان دەکات و بەغداش بودجەی پێ دەدات، بەڵام بۆ سەقامگیریی سیاسی و ئابووری، رێککەوتنەکە کارێکی باشە.

ئەرشەد لۆلانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان هەموو ئامادەییەکی خۆی نیشان داوە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتن لە چوارچێوەی یاسادا، بەڵام تاوەکو ئێستا میکانیزمەکە دیاری نەکراوە، کە ئایا یاساکە چۆن جێبەجێ دەکرێت، بۆیە بەم زووانە شاندێکی دیکەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا بۆ دانانی میکانیزمی جێبەجێکردنی یاسای بودجە.

لۆلانی ڕوونیشی کردەوە: "ئەو رێککەوتنەی لەبارەی بودجەوە کراوە، کارێکی باشە و ئێمە وەکو پەرلەمان پێی رازین، بەڵام بۆ بودجەی ساڵی ٢٠٢١ نابێ بەغدا منەت بەسەر خەڵکی کوردستاندا بکات، چونکە نەوت و داھاتی کوردستان دەبەن، بۆیە بەرامبەر بە نەوت و داھاتی خۆمان، بودجەمان بۆ رەوانە دەکەن، بەڵام بۆ سەقامگیریی سیاسی و ئابووری، کارێکی باشە".

ناوبراو گوتیشی، پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ھەرێمی کوردستان، دەکەوێتە دوای جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عێراق، کە بۆ پەرلەمان رەوانە بکرێت، بۆیە کە خەرج کرا، حکوومەتی ھەرێمیش بودجەی خۆی لەسەر ئەو بنەمایە بۆ پەرلەمان رەوانە دەکات.

 

بڵند ئیبراھیم 

 

هەواڵی پەیوەندیدار