٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی شاڵاوەکانی جینۆسایدی ئەنفال

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ساڵیادی شاڵاوه‌كانی جینۆسایدی  ئه‌نفال په‌یامێكی بڵاو كرده‌وه‌  و رایده‌گه‌ێنێت " بە ڕێز و شکۆوە یادی شەهیدان و قوربانییانی ئەو کۆمەڵکوژییە دەکەینەوە".

ده‌قی په‌یامی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان: 

ئەمڕۆ سی وسێ ساڵ بەسەر شاڵاوەکانی ئەنفال تێدەپەڕێت ، کە ڕژێمی لەناوچووی بەعس، بە ئامانجی جینۆسایدكردنی گەلی كوردستان، بە هەشت قۆناغ، هەزاران هاونیشتمانیی بێتاوانی بێسەروشوێن و زیندەبەچاڵ کرد ، هەزاران گوند و شارەدێ و هەزاران مزگەوت و قوتابخانە و دەیان كڵێسای کوردستانی خاپووركرد ، ڕەز و باخ و كێڵگەی جووتیارانی سووتاند و كانیاوەكان تەقاندەوە و بنەماکانی ژیانی لە ناوبرد. لەم یادە پڕ ناسۆرەدا، بە ڕێز و شکۆوە یادی شەهیدان و قوربانییانی ئەو کۆمەڵکوژییە دەکەینەوە. 

حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە کاتێکدا داوای قەرەبووی ماددی و مەعنەوی بۆ كەسوكاری قوربانییان و خەڵكی زیانمەندی ئەو شاڵاوە دڕندانەیە لە حكومەتی فیدراڵی عێراق دەکات، هاوکات کار دەکات بۆ ئەوەی خزمەتێکی زیاتری کەسوکاری ئەنفالکراوان بکات و ژیانێکی شکۆمەندانەیان بۆ فەراهەم بکات . 

 هیوادارم ئەم یادە، بكەینە هاندەری پتەوكردنی یەكڕیزی نیشتمانیی و قووڵكردنەوەی گیانی تەبایی و برایەتی و پێكەوەژیانی ئاشتییانە لە نێوان هەموو گەلانی ناوچەكە.

سڵاو لە گیانی  پاكی شەهیدان و قوربانییانی ئەنفال، کە یاد و یادەوەرییان، هەمیشە بە زیندوویی لە دڵ و دەروونمان دەمێنێتەوە.

 

مەسرور بارزانی 

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان

 

هەواڵی پەیوەندیدار