٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"دوای ٣٣ی ساڵ کەسوکاری جینۆسایدی گەرمیان چاوەڕێی قەرەبووکردنەوەن"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- سبەی ٣٣ ساڵ بەسەر جینۆسایدی گەلی کوردستاندا تێ دەپەڕێت و، جێگری سەرۆکی لیژنەی شەھیدانی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیانی جینۆساید ئەرکی حکومەتی فیدڕاڵە.

ژیان تاھر، جێگری سەرۆکی لیژنەی شەھیدانی پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پڕۆسەی ئەنفال بە ھەشت قۆناغ لە شوباتی ساڵی ١٩٨٨ دەستی پێ کرد و مانگی ئەیلوولی ھەمان ساڵ کۆتاییی ھات کە ئەو ھەشت قۆناغەی ئەنفال ناوچەکانی گەرمیان و کۆیە و قەرەداغ و بادینانی گرتەوە و لە ئەندامدا چوار ھەزار و ٥٠٠ گوند وێران کران و ژێرخان و سەرخانی کوردستان کەوتە ژێر ھەڕەشە و لەناوچوون، بەداخەوە لە ئەنجامی پڕۆسەی جینۆسایدی ساڵی ٨٨ زیاتر لە ١٨٢ ھەزار ھاووڵاتیی سڤیل بوونە قوربانی."

جێگری سەرۆکی لیژنەی شەھیدان گوتی: "پڕۆسەی ئەنفالی دەڤەری گەرمیانیش بەشێکە لەو جینۆسایدەی ڕژێمی بەعس کە لە ڕۆژی ١٤ی نیسانی ١٩٨٨ دەستی پێ کرد و ناوچەی چەمچەماڵ بە یەکجاری خاپوور کرا، واتە لە سەرجەمی ٤٤٠ گوندی گەرمیان ھیچ گوندێک نەما وێران نەکرێت و ھەمووی بەر شاڵاوی ئەنفال کەوت."

ژیان تاھر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ساڵی ٢٠٠٧ دادگای تاوانەکانی عێراق ئەنفاڵی بە جینۆساید ناساندووە و ساڵی دواتریش پەرلەمانی عێراق پڕۆسەی ئەنفالی بە جینۆساید پەسەند کردووە، بڕیار بوو قۆناغی دووەم، قەرەبووکردنەوەی خەڵکی پاشماوەی جینۆساید و کەسوکاری قوربانیانی پرۆسەکە بێت، بەڵام تا ئێستا حکومەتی عێراق ھەنگاوی نەناوە بۆ قەرەبووکردنەوەیان."

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار