وەزارەت: هەر كەسێك نرخ بەرز بكاتەوە، بە 50 هەزار تا 5 ملیۆن دینار سزا دەدرێت

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی دەڵێت، بۆ ئەوەی لە مانگی ڕەمەزاندا گرانفرۆشی نەكرێت، تیمەكانی چاودێریی بازاڕ و شوێنە گشتییەكان زیاد دەكەن، ئەوەشی نرخ بەرز بكاتەوە، لە دەسەڵاتی وەزارەتە بە بڕی 50 هەزار تا 5ملیۆن دینار سزای بدات.
نەوزاد شێخ كامیل، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بە مەبەستی ڕێكخستنی نرخەكان و ڕێگریكردن لە گرانفرۆشی لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا، تیمەكانی چاودێریی بازاڕ زیاد دەكەین و رۆژانەش بەپێی بەرنامەیەكی ئامادەكراو لە زۆربەی ماركێت، مۆڵەكان و ئەو شوێنە گشتیانەی كە هاووڵاتیان ڕووی تێدەكەن بە مەبەستی دابینكردنی شمەك و كاڵاكانیان، چاودێرییەكی وردی بازاڕەكان دەكەن و ئەگەر دەركەوت هەر فرۆشیارێك نرخی بەرز كردبێتەوە یان كاڵای خراپ و بەسەرچوو بفرۆشێت، ڕووبەڕووی سزا دەبێتەوە، كە لە 50 هەزارەوە دەست پێدەكات تا 5 ملیۆن دینار".
شێخ كامیل گوتیشی: "بەپێی سەرپێچییەكان، سزاكان دەگۆڕێن، سزاكانیش زیاتر ماددی و پێبژاردن و داخستنە، ئەگەر سەرپێچییەكەش زۆر گەورە بێت، ڕووبەڕوی دادگا دەكرێتەوە، كە چاوپۆشی لە هیچ كەس و لایەنێك ناكرێت، بۆیە پیویستە فرۆشیاران و بازرگانان پابەندی ڕێنماییە كارپێكراوەكان بن".
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ئاماژەی بەوەش دا: "چاودێریكرنی بازاڕەكان لە ڕێگەی زیادكرنی تیمە گەڕۆكەكانەوە دەبێت بۆ بازاڕ و ناوەندەكانی فرۆشتن، چونكە ئێستا مانگی رەِمەزانە و لە هەر كاتێكی تر زیاتر هاووڵاتیان سەردانی بازاڕكان دەكەن، بۆیە رەِنگە كەسانێك هەبن دۆخەكە بقۆزنەوە و گرانفۆشی بكەن".
ڕوونیشی كردەوە: "ڕێگە نادرێت بە ناوی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارەوە، نرخەكان لەڕادەبەدەر بەرز بكرێنەوە، چونكە بەپێی یاسا، بە توندی ڕووبەڕووی ئەو كەسانە دەبینەوە كە پەنا بۆ كارێكی لەم شێوەیە دەبەن".
ئەرسەلان ئەحمەد




