"پڕۆژەی بەبازاڕكردنی گەنم لە كوردستان، پێداویستیی ناوخۆ و عێراقیش دابین دەكات"

ھەولێر-KDP.info- سەرۆكی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی كوردستان گوتی، پڕۆژەی بەبازاڕكردنی گەنم لە مانگی شەشی ئەمساڵدا دەست بە وەرگرتنی گەنم دەكات و لە ناوەڕاستی مانگی حەوتیش دەست بە بەرھەمھێنانی جۆرەكانی ئارد دەكات، كە ٦٠ سایلۆ لەخۆ دەگرێت و لە قۆناغی یەكەمدا ٢٠سایلۆ دروست كراون و چەندین كارگەش لەخۆ دەگرێت، بەمەش دەتوانێ پێداویستیی ناوخۆ و عێراقیش دابین بكات.
دكتۆر محەمەد شوكری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، پڕۆژەی بەبازاڕكردنی گەنم ١/٦ی ئەمساڵ گەنم وەردەگرێت و لە ١٥/٧ دەست بە بەرھەمھێنانی جۆرەكانی ئارد دەكات، كە پڕۆژەیەكی زۆر گەورە و گرنگە بۆ ھەرێمی كوردستان.
شوكری گوتیشی، ئەو پڕۆژەیە ٦٠سایلۆ لەخۆ دەگرێت، كە ٢٠ی دروست كراون و ٤٠ی دیكەش دروست دەكرێن، كە ھەر سایلۆیەك ٥ھەزار تۆن لە خۆ دەگرێت.
سەرۆكی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی كوردستان ڕوونیشی كردەوە، پڕۆژەكە چەندین كارگەش لەخۆ دەگرێت، وەكو كارگەی ئارد و كارگەی عەلەف و كارگەی بڕووش و كارگەی ساوار و كارگەی مەعكەرۆنی.
ناوبراو باسی لەوەش كرد، بنەتۆ ی جووتیارانیش لەوێ ئامادە دەكرێت و دەرمان دەكرێت و دەدرێتە جووتیاران بۆ چاندن.
دەشڵێ، ئەو پڕۆژەیە، بەو بەرھەمانە پێداویستیی ناوخۆی ھەرێمی كوردستان ١٠٠% پڕ دەكاتەوە و هەروەها پێداویستی عێراقیش دابین دەكات بۆ داھاتوو، كە سەرمایەكەی سەروو ٧٠ ملیۆن دۆلارە.
بڵند ئیبراھیم




