"دەست بە ھەنگاوەکانی ئامادەکردنی دەستووری ھەرێم دەکرێت"

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان، داوای لە سەرجەم فراکسیۆنەکان کردووە را و تێبینیی خۆیان لەبارەی دەستووری ھەرێمی کوردستانەوە ئامادە بکەن و پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی بکەن، بۆ ئەوەی دەست بە ئامادەکردنی دەستوور بکرێت.
زانا مەلاخالید، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "داوا لە سەرجەم فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان کراوە، تا ناوەڕاستی مانگی داھاتوو، را و سەرنجی خۆیان لەبارەی دەستووری ھەرێمی کوردستانەوە پێشکەش بە سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکەن، بۆ ئەوەی بزانین میکانیزم و نووسینەوەی دەستوور بە چ شێوازێک دەبێت و هەروەها پێکھێنانی لیژنەیەک بۆ دەستوور، بە چ ئالیەتێک و نووسینەوەشی بە چ شێوەیەک دەبێت، کە لەسەر کۆی پرسەکان رای خۆمان دەبێت".
مەلاخالید گوتیشی: " ئەمەش بۆ ئەوەیە، کە بە زوویی هەنگاوەکانی ئامادەکردنی دەستوور دەست پێبکات و لەم وەرزە و وەرزی داھاتوودا بە جیددی کار لەسەر دەستوور بکرێت".
ناوبراو باسی لەوەش کرد: "ئێمە وەکو فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەستمان بە ئامادەکاری کردووە، بۆ ئەوەی را و تێبینیی خۆمان بۆ ئەو مەبەستە ئامادە بکەین".
بڵند ئیبراھیم




