سه‌فین دزه‌یی بۆ KDP.info زانیاریی گرنگ دەربارەی ڕۆڵی كوردستان له ڕێكکه‌وتنی واشنتۆن و به‌غدا ده‌خاته ڕوو

هەولێر-KDP.info- به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان باس له دیالۆگی ستراتیژی له نێوان عێراق و ئه‌مه‌ریكا ده‌كات و ئاماژه به‌وه ده‌كات كه هه‌رێمی كوردستان ڕۆڵی باش و ئه‌رێنیی هه‌بووه له لێك نزیكبوونه‌وه‌ی گفتوگۆكان و ئه‌وه‌ش ده‌خاته ڕوو كه گرنگه سه‌قامگیریی عێراق بكرێته بنه‌مایه‌ك بۆ جێبه‌جێكردنی ڕاسپارده‌ی دیالۆگه‌كه.
ئامانج لە دیالۆگی ستراتیژیی نێوان به‌غدا و واشنتۆن بریتییە لە ئیمزاکردنی ڕێککەوتنێکی گشتگیر و درێژخایەن لە شێوەی (ڕێککەوتنامەی چوارچێوەی ستراتیژی) کە لە کۆتاییی ساڵی ٢٠٠٨دا لە نێوان ئەمەریکا و عێراق ئیمزا کرا، بە لەبەرچاوگرتنی پێشھات و گۆڕانکارییەکان کە لە ماوەی ١٢ ساڵی ڕابردوودا ھاتوونەتە ئاراوە، لەبەر کۆمەڵێک ھۆکار و لە ئەنجامی ھەندێک پەرەسەندنی نێوخۆیی و دەرەکیی چاوەڕواننەکراو، ناوەرۆکی ئەو ڕێککەوتنامەیە جێبەجێ نەکرا. چاودێران لایان وایە دۆخێکی گونجاوتر ھاتووەتە ئاراوە تا لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی گفتوگۆ و دیالۆگی ستراتیژی لە نێوان ھەردوو وڵات‌دا بکرێت بۆ ئەوەی ڕێککەوتنێکی نوێ مۆر بکرێت و ھەوڵی جێبەجێکردنی بدرێت.
ڕێککەوتنامەی چوارچێوەی ستراتیژی لە کۆتاییی ساڵی ٢٠٠٨ لە سەردەمی نووری مالیکیدا کرا و ھاوکات بوو لەگەڵ ڕێککەوتنامەی (سۆفا) بۆ کشانەوەی ھێزەکانی ئەمەریکا لە کۆتاییی ساڵی ٢٠١١. ئەوەی بەلای سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتەوە گرنگ بوو کشانەوەی ھێزەکان بوو، نەک دانانی بناخەیەکی پتەو بۆ پەیوەندییە درێژخایەنەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە. لەمەشدا کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆڵی گەورەی ھەبوو بە ئاراستەی گوشارخستنە سەر حکومەتی عێراق بۆ بەھەند وەرنەگرتنی رێککەوتننامەکە. عێراق چاوەڕێی کشانەوەی ھێزەکان بوو بەرلەوەی ھەنگاوی جددی بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنامەکە بنێت، کاتێکیش ھێزەکان لە کۆتاییی ساڵی ٢٠١١دا کشانەوە، پەیوەندییەکانی نێوان مالیکی و ئەمەریکا گەیشتبوونە خراپترین ئاست و نووری مالیکی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران بەلاوە گرنگتر بوو. کەواتە یەکێک لە ھۆکارەکان سروشتی ڕژێمی ئەوکاتەی عێراق بوو، نە سەرۆکوەزیران زۆر لە خەمی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە بوو، نە ئەمەریکاش زۆر جددی بوو. ھۆکارێکی تری پشتگوێخستنتی ڕێککەوتننامەکە دەگەڕێتەوە بۆ بەرپابوونی جەنگ دژی داعش کە ئەولەویەتی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتی لەسەر بنەمای تێکشکاندنی داعش داڕشتەوە.
ئه‌وه‌ی تا ئێستا کراوه دوو قۆناغی دیالۆگی ستراتیژیی نێوان هه‌ردوو وڵات بووه و بڕیاره قۆناغی سێیه‌می گفتوگۆکان ده‌ست پێ بکاته‌وه، ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر پیشنیاری ئه‌مه‌ریکا بووه و له ده‌ستپێکی گفتوگۆکاندا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا نامه‌یه‌کی تایبه‌تی بۆ سه‌رۆکوه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان ناردووه و پشتیوانیی ئه‌مه‌ریکای بۆ کوردستان دووپات کردووه‌ته‌وه، له‌م بارەیەوه سه‌فین دزه‌یی سەرۆکی فەرمانگەی پێوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "گفتوگۆكانی به‌غدا و واشنتۆن له ته‌موزی ساڵی ڕابردوو ده‌ستی پێ كردووه، ئه‌ویش له‌سه‌ر بنه‌مای لێکگه‌یشتن و دواتر ڕێككه‌وتنی ستراتیژی، به‌ڵام ئه‌مه چه‌ند ڕه‌هه‌ندێك له خۆی ده‌گرێت، ته‌نیا ڕه‌هه‌ندی ئه‌منی ناگرێته‌وه، بگره ئابووری و چاكسازی و ئه‌كادیمی و كلتووری و په‌ره‌پێدانی ژێرخانی ئابووری و كردنه‌وه‌ی ده‌رگای ئابووری به‌ره‌و عێراق وه‌ك بانكی نێوده‌وڵه‌تی و سندووقی دراو و كۆمه‌ڵێك بابه‌تی دیكه ده‌بن، به‌ڵام به‌هۆی پرسی نه‌خۆشیی كۆرۆناوه قۆناغی یه‌كه‌می گفتوگۆكان له شێوه‌ی ڤیدیۆكۆنفرانس بوو، دواتر سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، سه‌ردانی واشنتۆنی كرد و كۆبوونه‌وه‌ی ڕووبه‌ڕووی هه‌بوو له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا و چه‌ند یادداشتی لێکگه‌یشتن مۆر كرا، ئه‌مه له كاتێكدایه ئیداره‌ی تازه‌ی ئه‌مه‌ریكا له مانگی 1ی 2021ــ‌وه ده‌ستبه‌كار بووه، یه‌كێك له به‌رنامه سه‌ره‌كییەکانی ئیداره‌ی تازه‌ی ئەمەریکا ئه‌وه بووه په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ عێراق بگۆرێت بۆ ڕێككه‌وتن".
گوتیشی: "هه‌فته‌ی ڕابردوو به شێوه‌ی ڤیدیۆكۆنفرانس كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له نێوان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا و عێراق كرا و به‌رپرسانی دیكه‌ی هه‌ردوولا ئاماده بوون، له‌ناویاندا نوێنه‌رانی هه‌رێمی كوردستان، له ڕاستیدا ئه‌مه‌ریكا گرنگیی به عێراق ده‌دات، عێراق وڵاتێكی گرنگه بۆ ئارامی و ئابووریی ناوچه‌كه، هه‌وڵ ده‌ده‌ن له چوارچێوه‌ی دیالۆگی ستراتیژی له‌گه‌ڵ عێراقدا بمێننه‌وه، به‌تایبه‌ت له ئیداره‌ى نوێ كه ئه‌گه‌ر گۆڕانكاریش كرابێت له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایی پێشویان ده‌مێننه‌وه، كه له به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌مه‌ریكا و عێراق و ناوچه‌كه‌شه ئه‌و سیاسه‌ته و ورده‌كاریی زیاتر ماوه له‌وبارەیە‌وه و له داهاتوودا زیاتر قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێت".
له‌باره‌ی گرنگیی به‌شداریی كوردستان له دیالۆگی ستراتیژیدا، دزه‌یی ئه‌وه‌ی خسته ڕوو: "له كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كه‌می دیالۆگی ستراتیژی کە به شێوه‌ی ڤیدیۆكۆنفرانس بوو، نوێنه‌رایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر بانگێشتی ئه‌مه‌ریكا كه به‌لایانه‌وه گرنگ بوو بوونیان هه‌بێت له كۆبوونه‌وەکەدا به‌شدار بوون، جیا له‌وه‌ش، له به‌غداش حكومه‌تی مسته‌فا كازمی ئه‌و پێشنیاره‌یان كرد كه پێویسته كوردستان ئاماده‌یی هه‌بێت له گفتوگۆكان، له ئاستی واشنتۆن به هه‌مان شێوه نوێنه‌رانی كوردستان له بواری جیاجیا وه‌ك ئابووری و سیاسی و سه‌ربازی به‌شدار بوون، واشنتۆن له‌وێ پشتیوانیی به‌شداریی كوردستانی كردووه، مه‌سروور بارزانی، سه‌رۆكوه‌زیران له ڕۆژی یه‌كه‌مه‌وه، له ساڵی ڕابردوو و له كۆبوونه‌وه‌ی دووه‌م و سێیه‌م هه‌میشه له لێدوانه‌كانی پاڵپشتیی ته‌واوی دیالۆگه‌كه‌ی كردووه و وه‌ك سوپاسگوزایه‌ك بۆ ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییانه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران كردوویه‌تی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا نامه‌یه‌كی سوپاسی بۆ سه‌رۆكوه‌زیرانی كوردستان ناردووه، تێیدا سوپاسگوزاره کە هه‌رێمی كوردستان به‌شدار و پشتیوان بووه، ئه‌و پشتیوانییه‌ی كوردستان له دیالۆگه‌كه جێگای دڵخۆشی و سوپاسی واشنتۆنه و ئاماده‌یی خۆیان ده‌ربڕیوه بۆ هاوكاریی ئێستا و داهاتوو له‌گه‌ڵ كوردستان."
ده‌شڵێت: "ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه دانانی به‌رنامه‌ی هاوبه‌شه له نێوان هه‌ردوو شاندی ئه‌مه‌ریكا و عێراق، ڕه‌نگه بۆچوونێك هه‌بێت بڵێت ئه‌مه‌ریكا هێزی له عێراق ده‌مێنێته‌وه ئیتر ده‌ستكراوه ده‌بێت بۆ هه‌رپرسێكی سه‌ربازی، له ڕاستیدا وا نییه، ئامانج له‌و دیالۆگه ستراتیژییه دارشتنی چوار چێوه‌یه‌كه له نێوان به‌غدا و واشنتۆن به ئامانجی ڕێككه‌وتنی درێژخایه‌ن، به‌ڵی لایه‌نی ئه‌منی له‌م گفتوگۆیانه باس ده‌كرێت، تا ئێستا مه‌ترسیی داعش له‌سه‌ر عێراق و ناوچه‌كه و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه، بینیمان هاوپه‌یمانان چۆن هاتن به‌ده‌م عێراقه‌وه له شه‌ڕی داعش، واته مه‌شق و ڕاهێنان و هاوكاریی سه‌ربازی ده‌بێت به‌رده‌وام بێت، به‌تایبه‌ت له نێوان هه‌ردوو ده‌وڵه‌ت، ئه‌مڕۆش عێراق به دۆخێكی سه‌ختدا تێ ده‌په‌ڕێت، به‌تایبه‌ت له ڕووی ئابووری و ئه‌منی و ڕیفۆرم و به‌ڕێوه‌بردنی ئیدارەوە عێراق پێویستی به هاوكاریی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه، پێویستی به هاوكاریی ماددی و پشتیوانیی زۆر هه‌یه، ئه‌مه‌ریكا خاوه‌نی قسه‌ی كۆتاییه، ده‌کرێ له ڕێگای ئه‌و ڕێككه‌وتنانه‌وه دۆخی ئابووری به‌ره‌و باشتر بچێت، جیا له‌وه‌ش، بابه‌تی كلتووری و په‌ره‌پێدان و زۆر بابه‌تی دیكه له چوارچێوه‌ی ئه‌و ڕێككه‌وتنه ده‌بێت، به‌شداریكردنی كوردستانیش له چوارچێوه‌ی ئه‌و دیالۆگه گرنگه، له‌و كاته‌شدا هه‌ولێر له په‌یوه‌ندیی به‌رده‌وام ده‌بێت له‌گه‌ڵ واشنتۆن."
ڕایشیگه‌یاند: "سه‌ردانی سه‌رۆكوه‌زیرانی كوردستان، بۆ وڵاتانی ده‌ره‌وه بابه‌تێكی حه‌تمیه و له چوارچێوه‌ی عورف و عاداتی په‌یوه‌ندیه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان پێویسته، به‌ڵام به‌داخه‌وه له ساڵی ڕابردوو تا ئێستا به‌هۆی كۆرۆناوه ئه‌و به‌رنامانه‌ی له ئارا بووه ناکرێ جێبه‌جێ بكرێن، به‌تایبه‌ت به‌نیاز بوو بۆ به‌ریتانیا، بۆ فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا گه‌شت بكات، به‌ده‌ر له‌وه‌ش، هاتنی پاپا بۆ كوردستان ڕووداوێكی مێژوویی بوو، شانده‌كانی دیكه‌ش وه‌ك هاتنی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی قه‌ته‌ر و دواتر هاتنی ئه‌منیداری گشتیی كۆمكاری عه‌ره‌بی و بڕیاره له چه‌ند ڕۆژی داهاتوو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیسپانیا بگاته كوردستان، ئه‌مانه دڵخۆشكه‌رن، بۆ سه‌ردانی سه‌رۆكوه‌زیرانی كوردستانیش بۆ ده‌ره‌وه، كاری له‌سه‌ر كراوه و له ده‌رفه‌تێكی گونجاو‌دا سه‌ردانی ئه‌و وڵاتانه ده‌كات و بۆ داهاتوو سه‌ردانی ئه‌مه‌ریكاش له به‌رنامه‌دایه، كه‌ی دۆخه‌كه گونجاو بوو ئه‌وكاته هه‌وڵی زیاتریش ده‌ده‌ن بۆ ئه‌و وڵاتانه و ئه‌وه‌ی گرنگه شاندی كوردستان له كۆبوونه‌وه‌كان جه‌خت له پاراستنی كوردستان ده‌كه‌نه‌وه و هه‌بوونی هێزی هاوپه‌یمانان و پاڵپشتی و پشتیوانی‌یان بۆ هێزی پێشمه‌رگه به‌رده‌وام گرنگیی خۆی ده‌بێت."
ڕاپۆرتی كارزانی سه‌باح هه‌ورامی




