ژمارەیەك پڕۆژەی ستراتیژیی بواری كشتوكاڵ جێبەجێ دەكرێن

هەولێر-KDP.info- بڕیارە ژمارەیەك پڕۆژەی ستراتیژی لە بواری ئاژەڵداری و بەرھەمە شیرەمەنییەكان بخرێنە واری جێبەجێكردنەوە و گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵیش دەڵێ، دەمانەوێ بە ئەنجامدانی چەندین پڕۆژە، بەرھەمی ناوخۆ زیاد بكەین.
حوسێن حەمە كەریم، گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "مۆڵەت بە ژمارەیەك پڕۆژەی ستراتیژی دراوە لە بوارەكانی ئاژەڵداری و بەرھەمھێنانی شیرەمەنی، كە پڕۆژەی زۆر گرینگن بۆ ئێستای ھەرێمی كوردستان و لەگەڵ جێبەجێكردنیان ھەنگاوی گەورە دەنێین، بۆ ئەوەی پشت بە بەرھەمی خۆماڵی ببەستین لە بەرھەمھێنانی شیرەمەنی و ئاژەڵداری، پڕۆژەكانیش بەسەر ناوچە جیاوازەكاندا دابەش كراون".
حەمە كەریم روونیشی كردەوە: "دەستەی گشتیی وەبەرھێنانیش ژمارەیەك پڕۆژەی نوێی ئاراستەی وەزارەت كردووە بۆ وەرگرتنی رەزامەندیی وەزارەتی كشتوكاڵ، چونكە پڕۆژەكان پەیوەندییان بە وەزارەتەوە هەیە و دوای پێداچوونەوە رەزامەندییان لەسەر دەدرێت، لەبەر ئەوەی دەمانەوێ زیاتر گرینگی بە كردنەوەی كارگەی شیرەمەنی و بەرھەمە ئاژەڵییەكان بدەین".
قائید میرۆ




