سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی دەکات

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ یەکشەممە 2021/4/11 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ئەحمەد ئەبولغەیت ئەمینداری گشتیی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی کرد.
لە دیدارەکەدا بارودۆخی عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی عەرەبی تاووتوێ کرا.
ئەمینداری گشتیی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی، ستایشی ڕۆڵ و پێگەی گرنگیی هەرێمی کوردستانی کرد کە پێشکەوتنێکی ئابووری دیاری بەدەستهێناوە و ئاماژەی بەوەدا، کە سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان، پەیامێکە بۆ وڵاتانی عەرەبی کە پێویستە پەیوەندییەکانیان لە گەڵ هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا، پەرە پێ بدەن، بەتایبەتی لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانی و وەبەرهێناندا.
سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتیوانیی ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی کرد و هیوای خواست، کۆمکاری عەرەبی، ڕۆڵی گرنگیی خۆی بگێڕێت لە چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبووەکانی عێراق. جەختیشی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان، خوازیارە باشترین پەیوەندی لە گەڵ وڵاتانی عەرەبیدا هەبێت.




