ئومێد خۆشناو: توندترین ئیجرائات لەگەڵ ئەو کەسانە دەکرێت کە نرخ گران دەکەن

هەولێر-KDP.info- بەهۆی نزیکبوونەوەی مانگی ڕەمەزان نرخی کەلوپەل و پێداویستیی خۆراک بەرەوهەڵکشانە و لیژنەکانی حکومەتیش ڕاسپێردراون سزای سەرپێچیکاران بدەن بەهۆی گرانفرۆشییەوە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاند: "بۆ چاودێریکردنی بازاڕ و ڕێگەگرتن لەو کەسانەی بە قۆستنەوەی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان یاری بە نرخ و پێداویستییەکانی هاووڵاتییان دەکەن، لەگەڵ لێژنەی هاوبەشی قائیمقامیەتی ناوەندیی هەولێر کۆبوونەوەیەکمان کرد."
پارێزگاری هەولێر ڕوونی کردەوە: "لە کۆبوونەوەکەماندا تەئکیدیمان لە چاودێریکردنی چڕی بازاڕ و نرخی کەلوپەل و پێداویستییەکانی هاووڵاتییان کردەوە و لێژنەی هاوبەشی قائیمقامیەت بە سەرۆکایەتیی قائیمقام ڕاسپێردرا توندترین ئیجرائات لەگەڵ ئەو کەسانە بکەن کە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان دەقۆزنەوە و نرخی خۆراک و پێداویستییەکان لەسەر هاووڵاتییان زیاد دەکەن.''
ئومێد خۆشناو گوتیشی: "ڕامانگەیاند نابێت ڕێگە بە هیچ کەسێک بدرێت یاری بە نرخی خۆراک و بازاڕ و پێداویستیی هاووڵاتییان بکات."
نەوزاد کامل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانییش بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ژمارەی لیژنەکانی چاودێری زیاد کراوە و خراونەتە نێو بازاڕ بۆ ئەوەی چاودێریی نرخی کەلوپەل بکەن لە بازاڕدا و هەرکەسێکیش نرخ بەرز بکاتەوە سزا دەدرێت."
نەوزاد کامل گوتیشی: "ڕۆژانە چەندین شوێن بەهۆی گرانفرۆشییەوە سزا دەدرێن، پێویستە هاووڵاتیانیش هاوکاریی تیمەکانی چاودێریی بازرگانی بکەن و لە کاتی هەستکردن بە گرانفرۆشی پەیوەندیی بە لایەنی پەیوەندیدار بکەن."
قائید میرۆ




