هه‌ڵه‌بجه دووچاری قەیرانی كه‌مئاوی دەبێت

هەڵەبجە -KDP.info- به‌ڕێوه‌به‌ری ئاوی هه‌ڵه‌بجه ده‌ڵێت، نه‌بوونی باران و به‌نداوه‌كانی ئێران و به‌رده‌وام به‌ردانه‌وه‌ی ئاو له به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان، مه‌ترسیی ئه‌وه‌ی پەیدا كردووه کە هه‌ڵه‌بجه له ماوه‌ی 30 ڕۆژی ئایندەدا تووشی قه‌یرانی ئاو ببێت، چونكه وه‌رگری پڕۆژه‌ی ستراتێژیی ئاوی هه‌ڵه‌بجه 90 سانتیمه‌تر له‌ناو ئاودایه و به‌شێكی بیر و كارێزه‌كان وشكیان كردووه.
ئه‌له‌ند تۆفیق محه‌ممه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری ئاوی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "به‌هۆی كه‌میی باران و گرتنه‌وه‌ی ئاو له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ئێرانەوە له ڕێگه‌ی ئه‌و به‌نداوانه‌ی دروستی كردوون له‌سەر ئەو ڕێڕه‌وه ئاویانه‌ی ده‌ڕژێنه ڕووباری سیروان، ئاستی ئاوی ڕووباری سیروان زۆر دابه‌زیوه و ئه‌مساڵ وشكه‌ساڵییه".
ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات: "پڕۆژه‌ی ستراتێژیی ئاوی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه مه‌ترسیی له‌سه‌ره و وه‌رگری ئاو 90 سانتیمه‌تر له‌ناو ئاودایه، ڕۆژانه‌ش 3 سانتیمه‌تر ئاوی ڕووباری سیروان كه‌م ده‌كات و مه‌ترسیی ئه‌وه هه‌یه له ماوه‌ی یه‌ك مانگی ئایندەدا پڕۆژه‌ی ئاوی هه‌ڵه‌بجه كه ئاو بۆ 80%ی ناوه‌ندی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه و قه‌زای سه‌یدسادق و ناحیه‌ی سیروان دابین ده‌كات، په‌كی بكه‌وێت."
"سه‌رباری ئه‌وه‌ی ئێران له ڕێگه‌ی ئەو به‌نداوانەی دروستی كردوون ڕێگه نادات ئاوی پێویست بگاته ڕووباری سیروان، بارانی پێویستیش نه‌باریوه و، به‌رده‌وام به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخانیش ده‌بێت ئاو به‌رداته‌وه، چونكه ئاو ده‌ڕوات بۆ پارێزگاكانی خوارووی عێراق، ئه‌وه‌ش وای كردووه زۆر به‌خێرایی ئاوی ڕووباری سیروان كه‌م بكات." ئه‌له‌ند تۆفیق وای گوت.
دەربارەی ئه‌وه‌ی چی ده‌كه‌ن تا هه‌ڵه‌بجه بێ ئاو نه‌بێت؟ ده‌ڵێت: "هه‌وڵ ه‌ده‌ده‌ین وه‌رگری كاتی دروست بكه‌ین تاكو هه‌ڵه‌بجه بێ ئاو نه‌بێت، كێشه‌كه ئه‌وه‌یه هه‌ڵه‌بجه جگه له پڕۆژه ستراتێژییه‌كه‌ی بۆ دابینكردنی ئاو پشت به سه‌رچاوەی ئاوی زه‌ڵم و بیره‌كان ده‌به‌ستێت، به‌هۆی وشكه‌ساڵییه‌وه ئاوی سه‌رچاوه‌ی زه‌ڵم كه‌می كردووه و ئاوی بیره‌كانیش به گشتی كه‌می كردووه و چه‌ندین بیر و كارێز کە سوودمان لێ بینیون وشكیان كردووه".
زیاتر ده‌ڵێت: "ڕووباری سیروان له‌چاو ساڵی ڕابردوو سێ مه‌تر كه‌متر ئاوی تێدایه، وه‌رگری پڕۆژه‌ی ئاوی هه‌ڵه‌بجه 90 سانتیمه‌تر له‌ناو ئاودایه، ڕۆژانه 3 سانتیمه‌تر ئاوه‌كه‌ی له ئاستی وه‌رگر كه‌م ده‌كات، كه‌واته له ماوه‌ی 30 ڕۆژی ئایندەدا پڕۆژه‌كه ناتوانێت ئاو ئینتاج بكات".
عه‌زیز ڕه‌سووڵ




