٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"گفتوگۆ لەبارەی ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچە كوردستانییەكان دەكرێت"

سەرچاوە: KDP.info

كەركووك-KDP.info- دوای ئەوەی ھەرێم و بەغدا بە ھاوكاریی نەتەوەیەكگرتووەكان لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە گەیشتنە رێككەوتن، كاتی گفتوگۆ بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان ھاتووە، ئەندامێكی لیژنەی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووكیش دەڵێ، پێویستە دۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی بكرێتەوە، چونكە ئەگەر ھەڵبژاردن بەو جۆرە بكرێت، لە بەرژەوەندیی كورد نابێت.

شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی لیژنەی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "دۆخی ئەمنی و ئیداری و سیاسیی شاری كەركووك زۆر خراپە، دروستە كە لە كاتی ھەڵبژاردندا دەتواندرێت رێكاری ئەمنی بگیرێتە بەر، بەڵام جیا لەوەی دۆخی ئەمنی باش نییە و بوونی ھێزی نامۆش كاریگەری لەسەر ئەنجامی ھەڵبژاردن دەبێت، كە رەنگە رێڕەوی پرۆسەكە بگۆڕێت و ساختەكاری بكرێت و دەنگدان لە بەرژەوەندیی ھێزە میلیشاكان یەكلا ببێتەوە، كە بێگومان دۆخی ئەمنی بێ گەڕانەوەی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەكانی ھەرێم، بەو شێوە بەردەوام دەبێت، چونكە ئەزموونمان ھەیە و تا پێشمەرگە لەو ناوچانەدا بوونیان نەبێت، دۆخەكە خراپتریش دەبێت".

عەبدوڵڵا گوتیشی: "دۆخی ئەمنیی شاری كەركووك، لە رووی ئیداری و ئەمنییەوە، ئێستا لە سەردەمی رژێمی بەعسی رووخاو دەچێت".

ناوبراو باسی لەوەش كرد: "دوای پەسەندنی پڕۆژەیاسای بودجە، كە بە ھاوكاریی نەتەوەیەكگرتووەكان رێككەوتن لە نێوان ھەرێم و بەغدا كرا، ئێستا ئەو پرسە چارەسەر بووە، بۆیە لەبارەی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانەوە دەست بە گفتوگۆ دەكرێت و پێویستە بە ھاوكاریی نەتەوەیەكگرتووەكانیش، دۆخەكە ئاسایی بكرێتەوە".

ئەوەشی خستەڕوو، گەڕانەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ كەركووك، خاڵێك دەبێت لە گفتوگۆكان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەو پارێزگایە.

 

بڵند ئیبراھیم   

 

هەواڵی پەیوەندیدار