٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حکومەت پڕۆژەیاسای بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمان ڕەوانە دەکات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info - ئەندامێکی لیژنەی داراییی پەرلەمانی کوردستان گوتی، دوای پەسەندکردنی یاسای بودجەی گشتیی عێراق و دیاریکردنی پشکی ھەرێم، حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەپێی ئەو یاسایە پڕۆژەیاسای بودجەی ھەرێم ڕەوانەی پەرلەمان دەکات.

ئەرشەد حوسێن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەمڕۆ لیژنەی دارایی کۆ بووەوە و تێیدا نووسراوێکی فەرمیمان بۆ وەزارەتی داراییی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە کرد بۆ ئەوەی بە زوویی پڕۆژەیاسای بودجە ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان بکەن، چونکە پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی خۆی پەسەند کردووە و پشکی ھەرێمی کوردستانیشی دیاری کردووە."

ئەرشەد حوسێن گوتیشی: "حکومەتی ھەرێمی کوردستان پڕۆژەیاسای بودجەی خۆی ئامادە کردووە و چاوەڕێی میکانیزمی ناردنی بودجە لە بەغداوە دەکەن، چونکە حکومەتی ھەرێم بەپێی ئەو پشکەی لە یاسای بودجەی گشتیی عێراقدا ھاتووە پڕۆژەیاسای بودجەی خۆی بۆ پەرلەمانی ڕەوانە دەکات."

حوسێن باسی لەوەش کرد: "حکومەتی ھەرێمی کوردستان چاوەڕێی پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقی دەکرد و ئێستاش ئەوە پەسەند کرا، بۆیە کاتی ئەوە ھاتووە پڕۆژەیاسای بودجەی خۆی بۆ پەرلەمان ڕەوانە بکات."

ئەمڕۆ بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی کۆ بوونەوە و تێیدا گفتوگۆ لەبارەی بودجەی ھەرێمەوە کرا و باس لەوە کرا بڕیارە لە کۆبوونەوەی داھاتووی ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆ لەبارەی بودجەی ھەرێم بکرێت .

ھەر لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دواین ئامادەکارییەکانی پڕۆژەیاسای بودجە کرا، بەتایبەت پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق و ڕێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا .

ئەوەش خرایە ڕوو کە وەزیری پلاندانان باسی لەوە کرد، حکومەت ھەموو ھەوڵێک دەدات بۆ دابینکردنی مووچە و باشکردنی بار و ژیانی ھاووڵاتیان و لەژێر ڕۆشناییی ئامادەکارییەکاندا بودجەی ھەرێم کاری لەسەر کراوە و داوای خستنەڕووی پێشنیار و تێبینییەکانیشی کرد بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەی داھاتووی ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەسەر بکرێت.

 

بڵند ئیبراھیم


 

هەواڵی پەیوەندیدار