٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. سەباح حەیدەر: هەرێم توانی لە ئاستی نێودەوڵەتی پێگەی خۆی بە بەهێزی بهێڵێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر ـKDP.infoـ حکومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی لە ڕووی سیاسییەوە ڕووی شارستانی و دیپلۆماسیی خۆی نیشان بدات؛ لەسەر ئاستی عێراق توانیی بەشەبودجەی خۆی لە یاسای بودجە بەدەست بهێنێت، مامۆستایەکی زانستە سیاسییەکان دەڵێت، لەسەر زاری زۆربەی لایەنە شیعەکان کورد دانوستانێکی سەرکەوتووی بەرێوە برد، هەروەها لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش توانیویەتی هاوسەنگییەکی باش بەرجەستە بکات و لەسەر ئاستی هەرێمییش لە نێوان هەردوو دراوسێ سەرەکییەکەی ئێران و تورکیادا هاوسەنگیی ڕاگرتووە.

دەربارەی سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە سێشەمەی هەفتەی ڕابردوو ۳۰ی ۳ی ۲۰۲۱، بۆ فەرەنسا و گرنگیپێدانی سەردانەکەی لەلایەن سەرۆکی فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکڕونەوە، مامۆستای زانکۆ، پسپۆڕ لە زانستە سیاسییەکان، د. سەباح حەیدەر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە دوای ئەو پێشهاتە نوێیانەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە هەرسێ ڕەهەندی سیاسی و ئابووری و تەندروستییەوە ڕووبەڕوویان بووەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی لە ڕووی سیاسییەوە ڕووی شارستانی و دیپلۆماسیی خۆی نیشان بدات؛ لەسەر ئاستی عێراق توانیی بەشەبودجەی خۆی لە یاسای بودجە بەدەست بهێنێت، مامۆستایەکی زانستە سیاسییەکان دەڵێت، لەسەر زاری زۆربەی لایەنە شیعەکان کورد دانوستانێکی سەرکەوتووی بەرێوە برد، هەروەها لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش توانیویەتی هاوسەنگییەکی باش بەرجەستە بکات و لەسەر ئاستی هەرێمییش لە نێوان هەردوو دراوسێ سەرەکییەکەی ئێران و تورکیادا هاوسەنگیی ڕاگرتووە. لە لایەکی دیکەوە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و بەتایبەتی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەوروپا بەردەوامە لەسەر دروستکردنی دیپلوماسیی نیمچەدەوڵەتی لەگەڵ جەمسەرە سەرەکییەکانی ئەوروپا، وەک وڵاتانی ئەڵمانیا و بەریتانیا و فەرەنسا و هۆڵەندا و وڵاتی دیکەش."

د. سەباح، وەک نموونەیەکی زیندوو بۆ سەردانی سەرۆکی هەرێم بۆ فەرەنسا گوتی: "بەڵام سەبارەت بە فەرەنسا چەند فاکتەرێک هەیە بووە هۆی گەشەکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەردەوام سەردانی دوولایانەش هەیە، گرنگترینیان سەردانی سەرۆکی هەرێمە بۆ فەرەنسا لە هەفتەی ڕابردوو، ئەمەش بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە کە فەرەنسا پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە تا ڕادەیەک کە دەکرێ بڵێین سپۆنسەری سەرکەوتن و مانەوەی کیانی هەرێمی کوردستانە لە عێراق و هەروەها هاوسۆزە لەگەڵ مافە نەتەوییەکانی میللەتی کورد لە هەرچوار پارچەکەی کوردستان."

ئەو مامۆستایەی زانستە سیاسییەکان دەشڵێت: "لە لایەکی دیکەوە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕۆڵێکی بەرچاو بە فەرنسا دەسپێرێت بۆ سەرخستنی پرۆسەی بنیاتنانی دەوڵەت لە عێراق و لوبنان، بەڵام لە هەمان کاتیشدا فشاری تورکیا بەردەوامە لەسەر هەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی ئەم جۆرە پەیوەندییانە لەگەڵ فەرەنسا لەبەر ئەوەی بەرژەوەندییەکانیان دژەیەکن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیادا."

گوتیشی: "گرنگ ئەوەیە قەناعەتی ئەوروپا بە گشتی و فەرنسا بە تایبەتی ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان پێگەیەکی ستراتیژیی هەیە و سەنتەری پەرەپێدان و بەرهەمهێنانە لە ناوچەکە و ئەکتەرێکی گرنگە بۆ مانەوەی عیراق و ڕزگارکردنی لە حاڵەتە هەڕەمی و پشێوییەکەی بۆ دەوڵەتێکی مەدەنیی سەقامگیر."

 

فایزە کۆیی


 

هەواڵی پەیوەندیدار