٢٥ ملیار دینار بۆ قەرەبووكردنەوەی ماددەی ١٤٠ تەرخان كراوە

خانەقین-KDP.info- بەرپرسی نووسینگەی ماددەی ١٤٠ لە دیالە و واست گوتی، حكوومەتی عێراق ئەمساڵ بڕەپارەیەكی زیاتر لە ساڵی رابردووی بۆ قەرەبووكردنەوەی ماددەی١٤٠تەرخان كردووە، كە ساڵی رابردوو ١٥ملیار دینار بوو، بەڵام ئەمساڵ بۆ ٢٥ملیار دینار زیاد كراوە، ئەمەش ھەنگاوێكی باشە بۆ زیندووھێشتنەوەی ئەو ماددەیە، چونكە ماددەیەكی دەستوورییە و كاتی جێبەجێكردنی ھاتووە.
عەدنان مەسنوور، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "ئێمە لە ساڵانی رابردوودا بودجەیەكی باشمان بۆ ماددەی ١٤٠ بۆ تەرخان دەكرا، كە دەگەیشتە زیاتر لە ٧٥٠ملیۆن دۆلار و توانیمان ٩٦%ی خەڵكی ناوچە كوردستانییەكان قەرەبوو بكەینەوە، بەڵام لە دوای رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر، تەرخانكردنی پارەكە كەمی كردووە و ساڵی ٢٠١٨، تەنیا ٥٠ملیار دینار بوو و ساڵی ٢٠١٩مانگانە بۆمانیان خەرج دەكرد، هەروەها ساڵی رابردوو ١٥ملیار بوو، بەڵام ئەمساڵ كراوەتە ٢٥ملیار دینار، ئەمەش ھەنگاوێكی باشە كە ماددەی ١٤٠ ھەر بە زیندوویی دەمێنێتەوە، چونكە دادگای فیدراڵی رەتی كردووەتەوە ئەو ماددەیە ھەڵوەشێتەوە و پێویستە جێبەجێ بكرێت".
بەرپرسی نووسینگەی ماددەی ١٤٠ لە دیالە و واست گوتیشی: "ئەو پارەیەی خەرج دەكرێت، زیاتر بۆ فەرمانبەران و كاروبارەكان خەرج دەكرێت و قەرەبووكردنەوە زۆری نەماوە و پێویستە ھەنگاوی دیكەی بەدواوە بێت، ئەویش سەرژمێری و ئاساییكردنەوەی دۆخەكەیە، بۆیە گرنگە ماددەی ١٤٠جێبەجێ بكرێت، چونكە كاتی جێبەجێكردنی ھاتووە".
دەشڵێ، ئێستا ناوچەكان ئامادەن بۆ ئەوەی حكوومەتی عێراق دەست بە جێبەجێكردنی ماددەی ١٤٠ بكات، چونكە كاتی ھاتووە ئەو كێشەیە یەكلا بكرێتەوە و ماددەیەكی دەستوورییشە و پێوستە جێبەجێ بكرێت.
بڵند ئیبراھیم




