دوو پڕۆژەی گەشتیاری و پیشەسازی لە دهۆك جێبەجێ دەكرێن

دھۆك-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی پارێزگای دھۆك رایدەگەیەنێت، دوو پڕۆژەی تری وەبەرهێنان، كە لە پڕۆژەیەكی گەشتیاری و یەكێكی تری پیشەسازی پێكدێن، لە ناحیەی زاویتە و فایدەی سنووری پارێزگای دهۆك، جێبەجێ دەكرێن.
كوردۆ ئیحسان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، لە چوارچێوەی گرنگیدانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە كەرتی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان بە گشتی و پارێزگای دهۆك بە تایبەتی، لەلایەن دەستەی وەبەرهێنانەوە دوو مۆڵەتی وەبەرهێنان بە دوو پڕۆژە درا، كە یەكێكیان گەشتیارییە و ئەوەی تریش پیشەسازییە.
بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی دهۆك، باسی لە پڕۆژە گەشتیارییەكە كرد و گوتی، پڕۆژە گەشتیارییەكە، پڕۆژەی (هەندرێنی گەشتیارییە)، كە دەكەوێتە ناحیەی زاویتە و گوژمەی تەرخانكراویش بۆ پڕۆژەكە، (1,128,000) دۆلارە، كە لەلایەن وەبەرهێنەرێكی ناوخۆیی دێتە جێبەجێكردن و، لە 14 یەكەی موتێل و خواردنگە و ماركێت و كارگێڕیی پڕۆژەكە و شوێنی تایبەتی پێشوازی و پاركی ڕاوەستانی ئۆتۆمبێل و باخچە و سەوزایی، پێك دێت.
ناوبراو لەبارەی پڕۆژە پیشەسازییەكەشەوە روونی كردەوە، پڕۆژەی دووەم، پێك دێت لە (كارگەی بەرهەمهێنانی كلێنكسی تەڕ و وشك)، كە لە ناحیەی فایدەی سەر بە قەزای سێمێل بە گوژمەی (1,760,000) دۆلار لەلایەن وەبەرهێنەرێكی ناوخۆیی جێبەجێ دەكرێت، كە هۆڵی كارگەی سەرەكی و كۆگایەكی خاو، لەگەڵ كۆگایەكی بەرهەمی و كارگێڕیی پڕۆژەكە و شوێنی مانەوەی كرێكار و پاركی راوەستانی ئۆتۆمبێل و باخچە و سەوزایی و شوێنی خزمەتگوزاری لە خۆ دەگرێت.
كوردۆ ئیحسان دەشڵێ، لە ئێستادا مۆڵەتەكانیان دەرچووە و تا 15 رۆژ پێویستە دەست بە كارەكانیان بكەن.
نەشوان بەرزنجی




