د. خالد حه‌یده‌ر: ڕێککه‌وتنى هه‌ولێر و به‌غدا گرنگه و شه‌رعیه‌تدانه به مه‌له‌فى نه‌وتى کوردستان

سلێمانی-KDP.info- د. خالد حه‌یده‌ر, مامۆستاى به‌شى ئابووریى زانکۆى سلێمانى له چاوپێکه‌وتنێکى ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتى دیموکراتى کوردستاندا به گرنگییه‌وه باس له ڕێککه‌وتنى هه‌رێم و به‌غدا و په‌سه‌ندکرنى پشکى هه‌رێم له پرۆژه‌یاساى بودجه ده‌کات و ده‌ڵێت, خودى ڕێککه‌وتنه‌که له ڕووى مه‌عنه‌وى و سیاسییه‌وه زۆر گرنگه بۆ هه‌رێمى کوردستان، چونکه شه‌رعیه‌ته‌دانە به مه‌له‌فى نه‌وتى هه‌رێمی کوردستان و سه‌ربه‌خۆفرۆشتنى.
به شێوه‌یه‌کى گشتى گرنگیى ڕێککه‌وتنه‌که خۆى له چیدا ده‌بینێته‌وه و تا چه‌ند ده‌رخه‌رى سیاسه‌تى سه‌رکه‌وتووى حکومه‌تى هه‌رێم بوو؟
- شاندى هه‌رێمى کوردستان سه‌رکه‌وتو بوو له‌و گفتوگۆیانه‌ى کردى, ئەوشتەی لێره‌دا گرنگه ئه‌وه‌یه کە ئێمه وه‌ک هه‌رێمى کوردستان, هه‌رچه‌نده هه‌رێمى کوردستان له هه‌وڵ دابوو ته‌واوى به‌شه‌بودجه‌که‌ى له به‌غداوه بێت و پێداگریى حکومه‌تى عێراق له گفتوگۆکان وای کرد نەگات به‌وه‌ى که ویستەکەی به‌ده‌ست بهێنێت, چونکه ئه‌وه‌ى به‌غدا ده‌یکات و ئه‌و 250هه‌زار به‌رمیله‌ى به نرخى سۆمۆ, دەبێ لەبیرمان نه‌چێت نه‌وتى هه‌رێم به 10 دۆلار که‌متر ده‌فرۆشرێت, بۆیه ئه‌وه‌ى که ده‌مێنێته‌وه له 460هه‌زار به‌رمیله‌کەی حکومه‌تى هه‌رێم که له بودجه‌که دیاری کراوه له داهاتى ده‌روازه‌کان و ناوخۆ ده‌یداته عێراق, ئه‌مه‌ش حه‌تمه‌ن له ڕووه داراییه‌که‌وه قورس ده‌که‌وێت بۆ ئێمه, به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ئه‌م ڕێککه‌وتنه زۆر گرنگ بوو بۆ شه‌رعیه‌تدان به مه‌له‌فى نه‌وت و فرۆشتنى به‌شێک له نه‌وته‌که‌ى به سه‌ربه‌خۆیی.
ده‌ستکه‌وته ئابوورییه‌کان چین, مه‌سار و ئاراسته‌ى ئابووریى هه‌رێم به‌ره‌و کوێ ده‌ڕوات؟
- بێگومان له ڕووى ئابوورییه‌وه ئه‌و بڕه پاره‌یەی که دێت سوودى لێ ده‌بینرێت بۆ په‌ره‌دان به پرۆژه ئابوورییه‌کان و وا ده‌کات جموجووڵى بازرگانى زیاتر بێت, ده‌توانرێت پرۆژه له‌کارکه‌وتووه‌کان به‌گه‌ڕ بخرێنه‌وه و پرۆژه‌ى نوێ ده‌ست پێ بکرێت, ئه‌مه به‌ده‌ر له‌وه‌ى ئه‌و بڕه‌ى که وه‌ک په‌ره‌پێدانى پارێزگاکان له عێراق و کوردستان دیاری کراوه ئه‌گه‌ر بێت و به‌پێى پلانێکى ئابوورى تۆکمه کارى له‌سه‌ر بکرێت ڕۆڵى یه‌کجار گرنگى ده‌بێت بۆ بووژانه‌وه‌ی سه‌رخان و ژێرخانى ئابووریی هه‌ر پارێزگایه‌ک و دواجاریش که‌مکرنه‌وه‌ى ڕێژه‌ى بێکارى له هه‌رێمدا.
پلانه‌کان ده‌بێ چۆن بن بۆ ئه‌وه‌ى به‌شێک له‌و بڕه پاره‌یى که له دواى دابه‌شکردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران ده‌مێنێته‌وه ته‌رخان بکرێت بۆ بووژانه‌وه‌ى سه‌رچاوه‌کانى دیکه‌ى داهاتى هه‌رێم؟
- ئه‌م بابه‌ته له چوارچێوه‌ى ئه‌و پلانه‌دا ده‌بێت که له نێوان وه‌زارتى پلاندانى کوردستان و وه‌زاره‌تى داراییى حکومه‌تدا هەیە که چۆن و به چ ڕێژه‌یه‌ک بڕێک له‌و بودجه‌یه ته‌رخان ده‌کرێت که بڕیاره حکومه‌تى عێراق له چوارچێوه‌ى ڕێککه‌وتنه‌که‌ى له‌گه‌ڵ هه‌رێم ڕه‌وانه‌ى بکات, به‌ڵام ئه‌گه‌ر بۆچوونى منت ده‌وێت وه‌ک مامۆستایه‌کی زانکۆ، حکومه‌تى هه‌رێم پێوست و زه‌رووره گرنگیى ته‌واو به که‌رته‌کانى کشتوکاڵ, پیشه‌سازى و گه‌شتوگوزار بدات، چونکه ته‌نها ڕێگه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى ئابوورییه‌کەی فره‌چه‌شن بکات، له ته‌واوى دنیاش ئه‌م که‌رتانه هه‌میشه له ڕیزى ئه‌و سێکته‌ر و دامه‌زراوانه بوون که داهاتى حکومه‌تیان دابین کردووه, ئه‌مه بەده‌ر له‌وه‌ى ئێستا ئاڕاسته‌ى ئابوورى وه‌ک جاران نییه که ته‌نها نه‌وت سه‌رچاوه‌ى داهات بێت, بۆیه ده‌بێت حکومه‌ت کارى جددى له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته بکات و چیی تر ئه‌م که‌رتانه له په‌راوێزدا نه‌هێڵێته‌وه ئه‌گه‌ر بیه‌وێت ئابوورییه‌که بباته قۆناغێکى پێشکه‌وتووتر له‌وه‌ى هه‌یه".
ئەرسەلان ئەحمەد




