٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە: پلانمان داناوە بۆ ئەمساڵ ٨٦ پڕۆژە بە گوژمەی ٤٥ملیار دینار جێبەجێ بکەین

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، بۆ ئەمساڵ داوایان کردووە ٨٦ پڕۆژەی تازەی ڕێگاوبان بە گوژمەی ٤٥ملیار دینار جگە لە پڕۆژە کۆنەکان لە ھەرێمی کوردستان جێبەجێ بکەن و ھەرکاتێک ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندیی لەسەر دا دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان دەکەن.

بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ئاگرین عەبدولڵا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "داوای ٨٦ پڕۆژەی نوێمان کردووە بۆ ئەوەی ئەمساڵ لە ھەرێمی کوردستان جێبەجێیان بکەین کە ھەموویان لە بواری ڕێگاوبانن و دەمانەوێت ڕێگاکان بکرێنە دووساید و ڕێگای نوێ دروست بکەین؛ لەوانە ڕێگای دووکان بۆ خەلیفان کە ١٠کم ماوە بکرێتە دووساید و لە پڕۆژە تازەکاندا دیارترینیانە کە دەمانەوێت جێبەجێی بکەین."

ئاگرین عەبدولڵا گوتیشی: "ئەو پڕۆژانەی پێشکەش کراون بە گوژمەی ٤٥ملیار دینارن و چاوەڕێین ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندییان لەسەر بدات و دەست بە جێبەجێکردنیان بکەین. هەموویان پڕۆژەی ڕێگاوبانن و زۆر گرنگن بۆ ھەرێمی کوردستان، بۆیە لە چوارچێوەی پلانی ئەمساڵدا دامانناون."

عەبدولڵا ڕوونیشی کردەوە: "ھەرکاتێک لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە ڕەزامەندی درا دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان دەکەین کە پڕۆژەی تازەن و جودان لەو پڕۆژە کۆنانەی تەواو نەکراون و داوامان کردووە ئەوانیش تەواو بکرێن، بۆیە پلانێکی باشمان داناوە و چاوەرێی وەڵامی ئەنجومەنی وەزیرانین."

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار