زیاتر لە 20هەزار کوردی فەیلی بێسەرۆشوێنن

ھەولێر-KDP. info- دوای تێپەڕبوونی چل ساڵ بەسەر جینۆسایدکردنی کوردانی فەیلیدا هێشتا برینەکانیان سارێژنەبووە و کەسایەتیی کوردی فەیلییش دەڵێت، زیاتر لە 20هەزار کوردی فەیلی بێسەرۆشوێنن.
جەواد مەلکشاهی، کەسایەتیی کوردی فەیلی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە سەرەتای مانگی نیسانی ساڵی 1980 ڕژێمی بەعس پڕۆسەی سڕینەوە و جینۆسایدکردنی کوردانی فەیلیی دەست پێ کرد بە بیانووی ئەوەی کوردانی خەڵکی عێراق نین و ئێرانین و، بە ناوی دادگاییکردن هەزاران خێزانی کوردی فەیلی بەرەو سنوورەکانی ئێران ڕاگوێزران و دواتر وڵاتبەدەر کران."
ئەو کەسایەتییەی کوردانی فەیلی دەشڵێت: "لە پڕۆسەکەدا کە 500هەزار کوردی فەیلیی گرتەوە، بەداخەوە زیاتر لە 20هەزار کوردی فەیلی لە تەمەنی نێوان 18 بۆ 40 ساڵی ڕاپێچی زیندانەکانی عێراق کران تا ساڵی 1987 زانیاری هەبوو ئەو کوردە فەیلییانە ماون، بەڵام دواتر شوێنبزر کران."
جەواد مەلەکشاهی ڕوونی کردەوە: "حکوومەتی عێراق تا ئەمڕۆ کێشە بۆ کوردانی فەیلی دروست دەکات، لەبری قەرەبووکردنەوەیان هێشتا مڵک و ماڵیان داگیر کراوە و کێشەی ڕەگەزنامەیان هەیە."
قائید میرۆ




