٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە یادی 41 ساڵەی جینۆسایدی کوردە فەیلییەکان بەیاننامەیه‌كی بڵاوكرده‌وه‌

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە یادی 41 ساڵەی جینۆسایدی کوردە فەیلییەکان بەیاننامەیه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند: 41 ساڵ بەر لە ئێستاو لە 4ی نیسانی 1980، هەزاران مرۆڤی بێتاوانی فەیلی کە تەنیا شوناسی “کوردبوون” ئەوانی خستبووە بەر رق و کینە و سیاسەتی داپڵۆسێنەرانەی رژێمی پێشووی بەعس، جینۆساید کران.

ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌:

راگواستن و بەندکردن و شوێنبزرکردن و دواجار کۆمەڵکوژکردنی فەیلییەکانیش بەشێک بوو لە پلانی سڕینەوەی نەتەوەی کورد، کە تەنیا خواستی بەفەرمی ناسینی داواکارییە رەواکانی بوو، بۆ بە ئازادیی ژیان لەسەر خاکەکەی. پلانی لەناوبردنی گەلی کوردستان کە رژێمی بەعس خەونی پێوەدەبینی، بۆ سستکردنی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی گەلی کوردستان بوو.

جینۆسایدکردنی کوردە فەیلییەکان ئەجیندایەکی پێشتر پلان بۆ دارێژراوی حکوومەتی عێراق بوو بۆ کپکردنی دەنگی ئازادیخوازانەیان، بەڵام باوەڕی بەهێز و بڕوابوون بە تێکۆشان بۆ ئازادی گەلی کوردستان، هیچ کاتێک كورده فەیلییەکانی لە هەنگاوەکانیان سارد نەکردەوە و کردەوەکانی رژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق ئەوانی لەسەر خەباتەکەیان رژدتر و بەئیرادەتر کرد.

کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانی فەیلی.. لە کاتێکدا یادی قوربانیانی کوردە فەیلییەکان بەرز رادەگرین، کە نیشتمانەکەمان بە رۆڵە چاوکراوە و ئازاکانی لە ژێردەستەیی رزگاری بووە و هەنگاو بە هەنگاو و بە ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە، بەرەو بەدیهێنانی خواستی ئەو شەهیدانەمان دەچین کە لە پێناویدا بوون بە قوربانی. لەم یادەدا، وێڕای دەستخۆشیمان لە بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق کە ئەم تاوانەی بە فەرمی بە جینۆساید ناساند و حکومەتی عێراقیشی پابەند کردووە بە قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی ئەم کارەساتە؛ بەڵام بە داخەوە حکومەتی عێراق نەک هەر بڕیاری دادگای جێبەجێ نەکردووە بەڵکو پێچەوانەی دەستووری عێراق کاری کردووە، کە دەبوو لە ژێر رۆشنایی ماددەی ١٣٢ی دەستووری عێراقدا، قەرەبووی ماددی و مەعنەوەی سەرجەم قوربانیانی جینۆساید و زیانلێکەوتووانی دەستی رژێمی پێشووی بکردایەتەوە.

یادکردنەوەی ئەو تاوانانە لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە رۆژانە لەگەڵ گرفت و کۆسپەکان رووبەڕوودەبێتەوە، بەڵام هەوڵدان بۆ سەقامگیری و ئازادیی بووەتە هەوێنی دروستکردنی نیشتمانێک کە بە ئاشتیانە ژیانی تێدا بگوزەرێنین. ئەگەرچی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا رێگر بووە لەبەردەم هەموو لایەک وەک پێویست یاد و بیرەوەری شەهیدانمان و کارەساتەکانی سەر گەلەکەمان بکەینەوە، بەڵام ئەوە بە مانای فەرامۆشکردنی ئەو ئارمانجانە نایەت کە بۆی تێکۆشاوین.

ئێمەش لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە ئەرکی خۆمانی دەزانین جگە لە بەرزڕاگرتنی یاد و بیرەوەریی سەروەرانی شەهیدمان، تاوانی کۆمەڵکوژی نەتەوەکەمان لەسەر ئاستی جیهان بناسێنین و کار بۆ بەجینۆسایدناساندنی بکەین. بێگومان لەپاڵ ئەوەشدا، خزمەتکردنی کەسوکاری شەهیدان و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆیان، بە ئەرکی خۆمان دەزانین، لەگەڵ بونیادنانی سونبول و هێمایەک بۆ شەهیدانی جینۆسایدی کوردە فەیلییەکان.

جارێکی دیکە لە ٤١هەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی کوردە فەیلییەکاندا، سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاکی قوربانیانی ئەو کارەساتە و هەموو شەهیدانی سەربەرزی گەلەکەمان..

 

وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان

٤ی نیسانی ٢٠٢١

هەواڵی پەیوەندیدار