"پارتی ئاماده‌كارییەکانی بۆ هه‌ڵبژاردن ده‌ست پێ كردووە"

هەولێر-KDP.info- واده‌ی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته له عێراق نزیك ده‌بێته‌وه، هێزه سیاسییه‌كانی عێراق هێشتا به‌رچاویان ڕوون ییه دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان عێراق ده‌چێته چ قۆناغێكه‌وه، هه‌ربۆیه له پرسی دروستكردنی هاوپه‌یمانی و له ئاستی دیاریكردنی كاندید و لێك نزیكبوونه‌وه‌ی حزبه‌كان گۆڕانكارییه‌كی ئه‌وتۆ نابینرێت، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنەکانی عێراق ئاماده‌ییی ده‌ربڕیوه بۆ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته.
واده‌ی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته له عێراق ١٠ی 10ی 2021ـه و ده‌بێت پێش ئه‌و واده‌یه په‌رله‌مانی عێراق خۆی هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه، هێزه سیاسییه‌كانی عێراق له ڕاگه‌یاندنه‌وه له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختن، به‌ڵام له ناوه‌رۆكدا ڕه‌نگ بێت جیاواز بێت، چونكه هه‌ڵبژاردنی ڕابردووی عێراق به پرۆسه‌یه‌كی خراپ‌دا ڕۆیشت و سیسته‌می ئه‌لیكترۆنیی هه‌ڵبژاردنه‌كان نیگه‌رانیی سه‌رجه‌م حزبه‌كانی عێراقی لێ كه‌وته‌وه، بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه ئاسان نابێت كۆمسیۆن وه‌ك ڕابردوو به‌رپرسیاریه‌تیی هه‌ڵه‌كانی له‌ئه‌ستۆ نه‌گرێت، بۆیه حكومه‌تی عێراق به وردی ده‌یه‌وێت له ڕێكاره‌كانی هه‌ڵبژاردن بكۆڵێته‌وه، ڕه‌نگ بێت عێراق جارێكی دیكه نه‌گەڕێته‌وه بۆ سیسته‌مه كۆنه‌كه‌ی هه‌ڵبژاردن، ئه‌مه‌ش ده‌مانخاته به‌رده‌م ئه‌وه‌ی كه هاوكێشه‌ی سیاسیی ئێستای عێراقیش وه‌ك خۆی نه‌مێنێته‌وه، ڕه‌نگه لیستی گه‌وره له په‌رله‌مان نه‌توانێت به ته‌نیا خۆی زۆرینه دروست بكات بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت، ئه‌مه‌ش پێویستی به هاوپه‌یمانیی تازه هه‌یه، ئایا له‌گه‌ڵ دروستكردنی هاوپه‌یمانیی تازه به ئاسانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق داده‌نرێت كه پشكی شیعه‌كانه (به‌پێی به‌ركه‌وته‌ی كورسی)، دواتر سه‌رۆكی په‌رله‌مان كه زیاتر سوننه‌كان به‌ربژێریان هه‌یه، دوای ئه‌ویش سه‌رۆككۆماری عێراقه كه به‌ركه‌وته‌ی كورده، ئه‌مانه هه‌مووی پێویستی به گفتوگۆی دوورودرێژ و لێکگه‌یشتنی زیاتر هه‌یه له نێوان حزبه‌كان، له ئێستاوه حزبه‌كان كه‌وتوونه‌ته ئاماده‌كاری بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان، تا ئێستا به‌رچاویان ڕوون نییه، هه‌ربۆیه ناتوانن هاوپه‌یمانی له نێوان خۆیان پێک بێنن، ئاوا بڕوات هیچ حزبێك هاوپه‌یمانی ناكات و هه‌موویان له چوارچێوه‌ی حزبیدا ده‌چنه هه‌ڵبژاردنه‌وه و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له دوای ده‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ناو په‌رله‌مانی عێراق هاوپه‌یمانیی نوێ پێک بێت.
بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی عێراق بازنه‌كانیش له 18 بازنه‌وه كراوه به 83 بازنه، ئه‌مه‌ش جۆرێك له بارگرانیی بۆ ئه‌و حزبانه دروست كردووه كه له‌سه‌ر ئاستی بازنه ناتوانن ببنه ژماره‌یه‌ك، ئه‌وه‌ی زیاتر چانسی هه‌یه حزبه گه‌وره‌كانن، چونكه وه‌ك سیسته‌مە كۆنه‌كه‌ی هه‌ڵبژاردن نییه، حزبه‌كان له هه‌ر پارێزگایه‌ك ده‌نگه په‌رشوبڵاوه‌كانیان كۆ بكرێته‌وه، ئه‌م جاره له ئاستی بازنه ده‌بێت حزب كێبركێ بكات بۆ بردنه‌وه‌ی كورسی، پارتی دیموكراتی كوردستان یه‌كێك له حزبه گه‌وره‌كانی عێراق له ئاستی ده‌نگ له هه‌ڵبژاردنی 2018ی عێراق توانی ببێته حزبی یه‌كه‌م كه ملیۆنێك ده‌نگ به‌سه‌ره‌وه‌ی هێنا، خه‌سره‌و گۆران، به‌رپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ماڵپەڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بڕیاره هه‌ڵبژاردنه‌کانی عێراق له ١٠ی ١٠ ئه‌نجام بدرێت، ئێمه ناتوانین ئاینده بده‌ین به‌ده‌ست قه‌ده‌ر و پێشبینی بکه‌ین، ده‌کرێت یان ناکرێت، وه‌ک هه‌ر قه‌واره‌یه‌کی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان له یه‌که‌م ڕۆژه‌وه که به‌غدا بڕیاری جێبه‌جێکردنی هه‌ڵبژاردنی داوه ئێمه ده‌ستمان به ئاماده‌کاری کردووه، له هه‌موو شوێنێكی کوردستان به‌شداری له هه‌ڵبژاردن ده‌که‌ین؛ له شنگال تا مه‌نده‌لی و به‌غدا و به‌دره و جه‌سان و که‌رکووک به‌شدارین. ئاماده‌کارییه‌كان قۆناغ به قۆناغ ده‌که‌ین، چونکه کۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن، خشته‌یه‌کی هه‌یه به‌پێی ئه‌و خشته‌یه ده‌ڕۆین، گرنگتر له‌وه ئه‌وه‌یه كه خه‌ڵکی ئێمه بچنه بنکه‌کانی تۆماری ده‌نگدان و خۆیان تۆمار بکه‌ن."
رایشیگه‌یاند: "بۆ قۆناغی دووه‌م داوامان کردووه کارته‌کانی ده‌نگان وه‌ربگرنه‌وه و دواتر ده‌بێت کادیر و ئه‌ندامی خۆمان بچنه ده‌نگدان، ئێستا سه‌رقاڵی دیاریکردنی کاندیدی خۆمانین، چونکه ١٧ی ٤ کۆتا واده‌یه بۆ ناردنی ناوی کاندید و دواتر تا ١ی ٥ دواین واده‌یه بۆ تۆماری هاوپه‌یمانی."
ئه‌وه‌یشی خسته ڕوو: "به‌ربژێره‌کانی پارتیمان دیاری کردووە به مه‌رج بوون و کۆمسینیش هه‌ندێک مه‌رجی داناوه بۆ کاندید، گرنگ ئه‌وه‌یه پارتی سه‌نگی به به‌هێزی بمینێته‌وه."
له‌باره‌ی چوونی پارتی بۆ ناو هاوپه‌یمانیی نوێ، خه‌سره‌و گۆران ڕایگه‌یاند: "هیچ هاوپه‌یمانییەک پێک نەهاتووە نه له کوردستان و نه له ده‌ره‌وه‌ی کوردستان، ڕاسته سه‌ردانی یه‌کتری هه‌یه، لێکگه‌یشتن هه‌یه، به‌س هاوپه‌یمانی نه‌کراوه."
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه ئایا پارتی دیموكراتی كوردستان ژماره‌ی كورسییه‌كانی وه‌ك خۆی ده‌مێنێته‌وه؟ به‌رپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنه‌كانی پارتی ڕایگه‌یاند: "ئێستا پارتی ٢٦ کورسیی له به‌غدا هه‌یه، به‌س ئه‌م هه‌ڵبژاردنه سه‌خته و یاساکه‌ی نوێیه و ناتوانین بۆ داهاتوو پێشبینی بکه‌ین."
گوتیشی: "پێشبینی ده‌که‌م ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه په‌یوه‌ندیی به هاوکێشه‌کانی ناوچه‌که‌وه هه‌یه و دوای هه‌ڵبژاردنه‌کان بێگومان وه‌ک ئێستا نابێت."
سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختەوە له عێراق، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی گوتی: "هه‌ڵبژاردن له 10ی 10 ته‌نیا بڕیاره، ده‌بێت بودجه‌ی بۆ ته‌رخان بكرێت ئاماده‌كاری بكرێت و ده‌بێت په‌رله‌مان خۆی چاره‌سه‌ر بكات و خۆی هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تێبینیم هه‌یه ئه‌م پرۆسه‌یه ئاسان نییه، په‌رله‌مانتاره‌كان ده‌بێت كۆتایی به كاره‌كانی خۆیان بهێنن ئایا ئه‌مه قبووڵ ده‌كه‌ن؟ به‌پێی سیسته‌می هه‌ڵبژاردنی تازه‌ی عێراقیش له 18 بازنه‌وه كراوه‌ته 83 بازنه، بۆیه هیچ كه‌سێك له هه‌ره شاره‌زاكانی بواری هه‌ڵبژاردن نازانێت دوای هه‌ڵبژاردن چی ده‌گوزه‌رێت، چونكه له دوای خۆپێشاندانی 20ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی ڕابردووه‌وه له عێراق بابه‌تی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته هاته ئاراوه، داواكاریی عێراقییه‌كان ئه‌وه بوو كه سه‌رۆكوه‌زیرانێكی به‌هێز دابنرێت بۆ عێراق كه هه‌یبه‌ت بۆ عێراق بگه‌ڕێنێته‌وه، به‌ڵام به‌داخه‌وه هه‌یبه‌ت نه‌گه‌ڕایه‌وه، گرووپ هه‌یه به ناوی (ربع الله) و به ناوی جیاوازه‌وه، هه‌ڕه‌شه‌ی بڕینی گوێی سه‌رۆكوه‌زیران ده‌كات، ئێ باشه سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق سه‌رۆكی گشتیی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراقه، ئه‌وانه‌ی ئه‌و قسانه ده‌كه‌ن مووچه‌یان له عێراق هه‌یه، له چوارچێوه‌ی هێزه‌كانی عێراقن، ئه‌گه‌ر بیر له‌وه بكه‌نه‌وه چۆن گوێی سه‌رۆكوه‌زیران ببڕن، چ هه‌یبه‌تێك بۆ عێراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه؟ و خاڵی دواتر ئه‌م په‌رله‌مانه له ده‌ره‌نجامی ته‌زویراتێكی زۆر هاتووه‌ته كایه‌وه ناتوانێت نوێنه‌رایه‌تیی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی گه‌لانی عێراق بكات، بۆیه ده‌بێت له‌م هه‌ڵبژاردنه ده‌رفه‌تی ته‌زویر زۆر كه‌م بكرێته‌وه، به حوكمی دابه‌شكردن و زیاكردنی بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن".
به‌شێك له لایه‌نه سیاسییه‌كان پێیان وایه كه ده‌بێت له دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ئیداره‌یه‌كی باشتری وڵات بدرێت و له‌سه‌ر بنه‌مای دروست بڕیار بدرێت، سه‌عدی پیره ده‌ڵێت: "رێككه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا خۆی له خۆیدا هه‌نگاوێكی باش بوو ته‌كانێك بوو به ئیداره‌دانی وڵات و هیوادارین ئه‌مه خاڵی كۆكه‌ره‌وه‌ی ناوماڵی كوردستان بێت، بۆ عێراقیش له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م وڵاته كۆمه‌ڵێك ڕێككه‌وتن و لێکگه‌یشتنی وڵاتانی دراوسێ و جیهان هه‌یه، به‌داخه‌وه كه ئه‌مانه مه‌یدانی ناكۆكییان عێراقه و عێراقیش هه‌وڵی نه‌داوه خاوه‌نداریی خۆی بكات، ئه‌مه‌ش وای كردووه له نێوان شیعه و سوننه و كورد جۆرێك له ئاڵۆزی دروست بێت، بۆیه ئاسان نییه ئیداره‌دانی عێراق، ڕه‌نگه به‌شێك له هێزه‌كانی عێراق له‌گه‌ڵ كشانه‌وه‌ی هاوپه‌یمانان نه‌بن و به‌شێك له‌گه‌ڵ كشانه‌وه‌ی بن، له كاتێكدا هێشتا داعش هەڕه‌شه‌ی جددیه له‌سه‌ر عێراق، وه‌ك كوردستان پێمان وایه ده‌بێت دووباره ئیداره‌یه‌كی تازه‌ی عێراق بكرێته‌وه و هێزه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای دروست به‌شداری بكه‌ن و مانه‌وه‌ی هاوپه‌یمانییش گرنگه".
ئه‌وه‌یشی خسته ڕوو: "گرنگه ئێمه جه‌خت له‌سه‌ر پرسی ده‌ستوور بكه‌ینه‌وه مافه‌كانی ئێمه له چوارچێوه‌ی ده‌ستوورن، ئه‌وه‌ی كه ئێمه ده‌توانین له ده‌ره‌وه و له‌ناوه‌وه شه‌ڕی پێ بكه‌ین مافه ده‌ستوورییه‌كانمانن، گرنگه له ناوخۆی خۆمان یه‌كگرتوو و یه‌كده‌ست بین ئه‌وكاته گرفتی ناوماڵی شیعه هی خۆیانه و سوننه‌ش به هه‌مان شێوه، گرنگ ئه‌وه‌یه نه‌بینه به‌شێك له به‌رداشی ناكۆكییه‌كان."
ڕاپۆرتی/ كارزان سه‌باح هه‌ورامی




