٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"پلانی حکومەتی ھەرێم ئەوەیە بە دامەزراندنی کارگەی نوێ بەرھەمی ناوخۆ زیاد بکات"

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، پلانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە گرنگی بە بەرھەمی ناوخۆ بدات و لە دەرەوە بازاڕی بۆ پەیدا بکات، ئەمەش وای کردووە خواست بۆ دامەزراندنی کارگەی جۆراوجۆر زۆر بێت، چونکە ئەگەر بەرھەمی ناوخۆ زۆر بوو، ژێرخانی ئابووری بەھێز دەبێت.

بەپێی ئامارێکی وەزارەتی بازرگانیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ماوەی ئەمساڵدا نزیکەی ٥٠ کارگەی نوێی گەورە و بچووک لە ھەرێمی کوردستان مۆڵەتی دامەزراندنیان وەرگرتووە و بەشێکیان دامەزراون و دەستیان بە کاریش کردووە کە لە بواری پیشەسازی و کشتوکاڵی و بیناسازی و پلاستیکدان و ساڵ بە ساڵیش ژمارەی کارگەکان لە ھەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت.

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دامەزراندنی ئەو کارگایانە ژێرخانی ئابوورییان پێ دروست دەبێت و دەبێتە ھۆی بەھێزبوونی ئابووریی ھەرێمی کوردستان و، گرنگە بەرھەمەکان لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستان بەرھەم بھێندرێن، جا پیشەسازی، یان خۆراکی بن، چونکە پێویستمان بە بەرھەمی ناوخۆیی ھەیە."

نەوزاد شێخ کامیل گوتیشی: "پلانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە گرنگی بە بەرھەمی ناوخۆ بدات و لەلایەن بەرھەمێنەرانەوە گەشەی پێ بدرێت و لە دەرەوە بازاڕی بۆ پەیدا بکرێت."

شێخ کامیل باسی لەوەش کرد: "ھێنانی دراوی قورس بۆ ناوخۆی ھەرێمی کوردستان دەبێتە ھۆی ئەوەی ژێرخانی ئابووری بەھێز بێت و ئابوورییەکی ساخلەم بەدەست بێت و داھاتی تاک بەرز بێتەوە."

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار