٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کۆمسیۆن داوایەک ئاراستەی ئەو کەسانە دەکات کە یەکەم جارە بەشداریی ھەڵبژاردن دەکەن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی ئۆفیسی ھەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەیەنێت، ماوەی خۆتۆمارکردنی دەنگدەران تاوەکو ١٥ی مانگی نیسان درێژ کرایەوە و ھاووڵاتیان دەتوانن لەو ماوەیەدا بێن خۆیان تۆمار بکەن، بە تایبەت ئەوانەی تازە مافی دەنگدانیان ھەیە، چونکە زۆرترینی ئەوانەی خۆیان تۆمار نەکردووە، ئەوانەن کە ئەم ھەڵبژاردنە تەمەنیان بۆ دەنگدان دەگونجێت.

عەبدولڕەزاق مشیر، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی، ماوەی خۆتۆمارکردنی دەنگدەران تاوەکو ١٥ی مانگی نیسان درێژ کرایەوە و لە ماوەی ڕابردوو تا ئێستا رێژەی خۆتۆمارکردن لە رێگەی ئۆفیس و تیمە گەڕۆکەکان ٦٥% بووە و ئەوانەی  بایۆمەترییان بۆ کراوە و کارتی دەنگدانیان بۆ دروست کراوە رێژەکە گەیشتووەتە ٩١%، رۆژی سێشەممەی داھاتووش دەست بە دابەشکردنی کارتی نوێ دەکرێت، کە ژمارەیان ٤٠ھەزار کارتە.

بەرپرسی ئۆفیسی ھەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق گوتیشی، لە سنووری پارێزگای ھەولێر ٥٣بنکەی تۆماری دەنگدەران و٣٧تیمی تۆمارکردنی ئاوارەکانیش ھەن، کە لە ناوەڕاستی ئەم ھەفتەیەدا دەست بە دابەشکردنی کارتی نوێ دەکرێت و ئەوانەی تازە دەتوانن بەشداری لە ھەڵبژاردنەکاندا بکەن، رێژەکەی ١٤%یە، چونکە ئەوانەی دیکە ھێشتا خۆیان تۆمار نەکردووە.

ناوبراو باسی لەوەش کرد، زۆرترینی ئەوانەی کە لە ساڵی ٢٠٠١و٢٠٠٢و٢٠٠٣ لەدایک بوون و یەکەم جارە بەشداریی دەنگدان دەکەن، خۆیان تا ئێستا تۆمار نەکردووە، بۆیە داواکارین بێن خۆیان تۆمار بکەن لەو ماوەیەی لە بەردەستدا ھەیە.

ڕوونیشی کردەوە، ئەگەر قەدەغەی ھاتوچۆ بێت و پشووش بێت، ھاووڵاتیان دەتوانن سەردانی بنکەکانی دەنگدان بکەن، چونکە بنکەکان تاوەکو ناوەڕاستی مانگی نیسان کراوە دەبن.

دەشڵێ، بەربژێرەکانیش دەتوانن تاوەکو ١٧ی مانگی نیسان بێن خۆیان تۆمار بکەن.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار