٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دکتۆر عەلا مەکی: دۆخی ناوچە کوردستانییەکان زۆر خراپە و پێویستە بەغدا و ھەرێم رێک بکەون

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- ئەندامێکی پارتی ویفاقی نیشتیمانی بە سەرۆکایەتیی ئەیاد عەللاوی، دەڵێ، دۆخی ناوچە کوردستانییەکان بە ھۆی زیادبوونی داعشەوە زۆر خراپە و ھێزە عێراقییەکانیش توانای پاراستنی ئەو ناوچانەیان نییە، بۆیە پێویستە بەغدا لەگەڵ ھەرێم بگاتە رێککەوتن، ئەگەر نا ئەستەمە بەو دۆخە ھەڵبژاردن بکرێت.

دکتۆر عەلا مەکی، کە سەرکردەی سوننەکانیشە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، داعش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان جموجۆڵ و کردەوەکانی زۆر زیاد بووە و بەردەوام کردەوە ئەنجام دەدات، ھێزە عێراقییەکانیش ناتوانن کۆنتڕۆڵی دۆخەکە بکەن بە تەنھا، بۆیە پێویستە حکوومەتی ناوەند رێککەوتن و ھەماھەنگی لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکات و کۆنتڕۆڵی دۆخەکە بکەن و ئاسایی بکەنەوە، چونکە بەغدا بێ ھەرێمی کوردستان ناتوانێ دۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی بکاتەوە.

مەکی گوتیشی، ئەگەر دۆخی ناوچە کوردستانییەکان بەو شێوەیە خراپ بێت و ئاسایی نەکرێتەوە و ھەماھەنگییش لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نەکرێت، ئەوکات ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ئەستەم دەبێت، بۆیە جگە لەوەی حکوومەتی عێراق ھەماھەنگی لەگەڵ ھەرێم بکات و بگاتە رێککەوتن، ھیچ چارەی دیکەی نییە.

 

بڵند ئیبراھیم 

 

هەواڵی پەیوەندیدار