٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. ئیدریس ڕەمەزان: پەسەندکردنی بودجە هەوڵێکە بۆ بووژاندنەوەی سێکتەرە ئابوورییەکانی ھەرێم و عێراق

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر ـKDP.infoـ پەسەندکردنی بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی ۲۰۲۱ کاریگەریی باشی بەسەر ئابووریی هەرێمی کوردستانەوە هەیە. مامۆستایەکی زانکۆش دەڵێت، پەسەندکردنی بودجەی گشتیی عێراق ھەوڵێکە بۆ بووژاندەوەی سیکتەرە ئابوورییەکانی عێراق بە گشتی و ھەرێمی کوردستان بە تایبەتی، چونکە بەم پەسەندکردنە بازاڕەکان دەبووژێنەوە و دەرفەتی کار دەڕەخسێت و چالاکییە ئابوورییەکان بەردەوام دەبن و ئەمەش دەبێتە ھەوێنی ھاوکاری و ھەماھەنگی لە نێوان ھەردوو لایەن و پرۆسەیەکە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە وەکو خۆی بە بنەما و لایەنە ئابووری و ھونەرییەکانییەوە و، ھەر ئەمەش وا دەکات کە ھەرێمی کوردستان جارێکی تر بەردەوام بێت لە پەرەپێدان بە پرۆژەکانی ژێرخان و سەرخانی ئابووری و ھەوڵدان بۆ بووژاندنەوەی ئابوورییەکەی.

پەسندکردنی بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی ۲۰۲۱ لە ڕێککەوتی ۳۱ی ۳ی ۲۰۲۱ تا چەند کاریگەرییەکی ئەوتۆ لەسەر سێکتەری ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان دادەنێت، پەیوەست بەم پرسە، د. ڕەمەزان ئیدریس کۆچەر، مامۆستای زانکۆ لە بواری ڕامیاری و ئابووریدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بودجەی گشتیی ساڵی ٢٠٢١ی حکومەتی عێراق کاریگەرییەکی ئابووریی ئەوتۆی لە بەرزکردنەوەی ژێرخانی ئابووریی وڵاتدا نابێت، چونکە ئەو بودجەیە بەشی ھەرەزۆری بۆ بواری بەکاربردن تەرخان کراوە و کەمترینی بۆ بواری وەبەرھێنان و پرۆژەیە و لە کۆی داھاتی خەمڵێنراو لە بودجەدا کەوا بریتییە لە ٩١,٧٩٠,١٥٥,٤٢٩ دینار ئەوەی بۆ بواری بەکابردن تەرخان کراوە بریتییە لە ١٢٢,٦٧٥,٨٧٠,٦٩٤ دینار کە دەکاتە ڕێژەی ٨١.٧٦ لەسەدای بودجەی گشتی و تەنھا بڕی پارەی تەرخانکراو بۆ وەبەرھێنان بریتییە لە ٢٧,٣٧٥,٠٤٧,٨٤٩ دینار کە دەکاتە ڕێژەی ١٨.٢٤ لەسەدای بودجەی گشتی، بۆیە ئەمە ئەوە دەسەلمێنیت کەوا ئەم بودجەیە تەنھا گرنگیی بە بەکاربردن داوە و ھیچ ڕۆڵ و گرنگییەکی ئەوتۆی بۆ وەبەرھێنان دانەناوە، کەچی ئەوە گرنگترین بوارە و وڵات زۆر پێویستی پێیەتی.

ئەوەی پەیوەستە بە ھەرێمی کوردستانەوە لەم بودجەیەدا ئەوەیە کەوا چۆن ھەرێمی کوردستان پابەند کراوە بە ھەندێک بەند و ئیلتیزامات کەوا لە ھەردوو ماددەکانی ١٠ و ١١ی پرۆژەی بودجەی گشتیی حکومەتی عێراقدا ھاتووە و ئەوانەش تایبەتن بە ناردنی بڕی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت لەلایەن حکومەتی ھەرێم بۆ کومپانیای سۆموی تایبەت بە هەناردەکردن و فرۆشتنی نەوتی حکومەتی فیدراڵیی عێراق لە کۆی ئەو ٣,٢٥٠,٠٠٠ بەرمیلەی کەوا دیاری کراوە لە بودجەی گشتیدا و ھەروەھا حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆی ھەیە بڕی ٢١٠ ھەزار بەرمیلی تر نەوت بفرۆشێت بۆ جێبەجێکردنی خەرجیی کۆمپانیاکانی نەوت و تێچووی دەرھێنانی نەوت لەگەڵ نیوەی داھاتی خاڵە سنوورییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کەوا دەگەڕێتەوە بۆ خەزینەی گشتیی حکومەتی عێراق، ئەو کارەش بە ھاوبەشی لە نێوان ھەردوو حکومەتەکاندا لە ڕێی ھەردوو وزارەتەکانی نەوتی عێراق و سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی ھەرێمەوە دەکرێت و ھەردوو حکومەت لە ڕێگای دەستەکانی چاودێریی داراییەوە ھەوڵ دەدەن بنەمای ڕێککەوتنەکە بە شێوەیەکی ھونەری جێبەجێ بکەن بۆ ئەوەی ھەردوو حکومەت پابەند بن بە بنەماکانی ڕێککەوتنەکە و ھاوکار بن لە سەرخستنی ئەم پرۆژە بودجەیەدا.

سەبارەت بە حکومەتی ھەرێمی کوردستان، د. ئیدریس گوتی: "پەسەندکردنی بودجەی گشتیی حکومەتی عێراق بە دەستکەوتێکی گرنگ بۆ حکومەتی ھەرێمی کوردستان و شاندی حکومەتی ھەرێم و پەرلەمانتارە کوردستانییەکان لە بەغدا ھەژمار دەکرێت، چونکە توانییان بە یەکگرتوویی لەگەڵ یەکتر ئەم دەستکەوتە گرنگە بۆ ھەرێم مسۆگەر بکەن، ھەرچەندە چەندین تێبینیی ھونەری و یاسایی و ئابووری ھەن لەسەر پرۆژەبودجەکە و شێوازی ڕێککەوتنەکە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کەوا ئەم ڕێککەوتنە لە بەرژەوەندیی ھەرێم نییە، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەم ڕێککەوتنە ڕۆڵێکی گرنگی دەبێت بۆ حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی کاری ھاوبەش لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق و ددانپێدانانە بە یاساییکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان کە چەندان ساڵ بوو نەیاران و ناحەزانی حکومەتی ھەرێم ئیدیعای ئەوەیان دەکرد کە دەرهێنانی نەوتی ھەرێمی کوردستان و فرۆشتنەکەی نایاساییە و ھەروەھا ددانپێدانانە بە ھێزی یەکگرتووی ھەرێمی کوردستان کە ھەرکاتێک لایەنە کوردستانییەکان یەکگرتوو بن ئەوا دەتوانن دەستکەوتی باش و گرنگ بۆ میللەتەکەمان دەستەبەر بکەن و بە پەسەندکردنی ئەم بودجەیە پەیوەندییەکانی ھەردوو حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق بەرەو باشتربوون دەچێت و ئەمەش ھۆکارە بۆ ئەوەی ددان بەوەدا بنرێت کە نەخشەیەکی نوێی ڕامیاری لە دوای پەسەندکردنی بودجە لە عێراقی فیدراڵدا پەیدا دەبێت و ھەرێمی کوردستانیش بێبەش نابێت لەم نەخشە نوێیە، بەڵکو ھەرێم ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێرێت لەم نەخشە ڕامیارییە نوێیەدا."

ئەو مامۆستایەی زانکۆ کە شارەزایە لە بواری ئابووری، زیاتر گوتی: "پەسەندکردنی بودجەی گشتیی عێراق ھەوڵێکە بۆ بووژاندنەوەی سیکتەرە ئابوورییەکانی عێراق بە گشتی و ھەرێمی کوردستان بە تایبەتی، چونکە بەم پەسەندکردنە بازاڕەکان دەبووژێنەوە و دەرفەتی کار دەڕەخسێت و چالاکییە ئابوورییەکان بەردەوام دەبن و ئەمەش دەبێتە ھەوێنی ھاوکاری و ھەماھەنگی لە نێوان ھەردوو لایەن و پرۆسەکە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە وەکو خۆی بە بنەما و لایەنە ئابووری و ھونەرییەکانەوە و ھەر ئەمەش وا دەکات کە ھەرێمی کوردستان جارێکی تر بەردەوام بێت لە پەرەپێدان بە پرۆژەکانی ژێرخان و سەرخانی ئابووری و ھەوڵدان بۆ بووژاندنەوەی ئابوورییەکەی، چونکە باشترین بودجە لە دنیادا ئەو بوودجانەن کە بودجەی بەکاربردنیان کەمە و بودجەی وەبەرھێنانیان زۆرە، بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان دەبێت بودجەی بەکابردن ٣٠% بۆ ٣٥% بودجەی گشتی بێت و بودجەی وەبەرھێنانیش ٦٥% بۆ ٧٠%ی بودجەی گشتی بێت، بەڵام ئەوەی لە بودجەی گشتیی حکوومەتی عێراقدا دەبینرێت پێچەوانەی ئەوەیە."

فایزە کۆیی

هەواڵی پەیوەندیدار