" ئەم حەفتەیە نزیکەی ٤٠ ھەزار کارتی دەنگدان دەگەڕێنەوە دھۆک"
__2021_04_03_h15m26s47__ER.jpg)
دهۆک -PDK.info- بڕیارە ئەم حەفتەیە ژمارەیەکی زۆر کارتی دەنگدان لە بەغداوە بگەڕێتەوە پارێزگای دھۆک و بەرپرسی کۆمسیۆنیش لە دھۆک دەڵێت، تا حەفتەیەک پێش ڕۆژی دەنگدان، دەنگدەر مافی وەرگرتنەوەی کارتەکەی ھەیە.
خالید عەباس، بەرپرسی ئۆفیسی پارێزگای دھۆکی کۆمسیۆن، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارە ئەم حەفتەیە نزیکەی ٤٠ ھەزار کارتی دەنگدەرانی پارێزگای دھۆک، ئەوانەی پێشتر بەشدارییان لە پڕۆسەی بایۆمەتریدا کردووە بگەڕێنەوە بۆ پارێزگای دھۆک و بەسەر دەنگدەراندا دابەش دەکرێت، کە ئەمە دەبێتە شەشەم کاروانی گەڕانەوەی کارتەکان لە کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانەوە بۆ پارێزگای دھۆک."
بەرپرسەکەی کۆمسیۆن دەڵێت: "پارێزگای دھۆک لە دابەشکردنی کارتی دەنگدان لە پێش پارێزگاکانی عێراقەوەیە و تا ئێستا ٩٣%ی کارتەکان دابەش کراون بەسەر دەنگدەراندا، ئەوەش ڕێژەیەکی زۆرە و داوا لە ھاووڵاتییان دەکەین ئەوانەی کارتیان دەگەڕێنەوە سەردانی بنکەکانی کۆمسیۆن بکەن بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان."
خالید عەباس ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پڕۆسەی دابەشکردنی کارتی دەنگدان تا حەفتەیەک بەر لە بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکان بەردەوام دەبێت و حەفتەیەک پێش ھەڵبژاردن ھەر دەنگدەرێک کارتەکەی وەرنەگرێتەوە دەگەڕێندرێنەوە بۆ بەغدا و مافی دەنگدانی نابێت، لەبەر ئەوەش، پێویستە ئەوانەی بەشداریی بایۆمەترییان نەکردووە، بەتایبەتی ئەوانەی لەدایکبوونیان گەیشتووەتە دەنگدان تا زووە بەشداری لە پڕۆسەی بایۆمەتری بکەن."
قائید میرۆ




