٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ژووری ئۆپەراسیۆن: پەكەكەمان ئاگادار كردووەتەوە كە ئەمڕۆ شنگال چۆڵ بكەن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- حكوومەتی عێراق لە رێگەی ژووری ھاوبەشی ئۆپەراسیۆنەوە، دوایین وادەی داوە بە پەكەكە، كە ئەمڕۆ لە شنگال بچنە دەرەوە، ئەگەر نا بە ھێز دەریان دەكەن، فەرماندەی گشتیی ھێزی پێشمەرگەش لە شنگال دەڵێ، پەكەكە تا ئێستا لە شنگال ماوە و ئامادە نییە بچێتە دەرەوە و باسی لەوە كردووە، ئەگەر ھێز بەكار بێنن، ئەوانیش ھێز بەكار دێنن.

قاسم شەشۆ، فەرماندەی گشتیی ھێزی پێشمەرگە لە شنگال، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پێش چەند رۆژێك حكوومەتی عێراق لە رێگەی ژووری ھاوبەشی ئۆپەراسیۆنی عێراقەوە پەكەكەی ئاگادار كردەوە كە شنگال چۆڵ بكەن، بەڵام تا ئەمڕۆش ئەوان لە شنگال لە شوێنی خۆیان ماون و چۆڵیان نەكردووە و گوێ بە بڕیارەكانی حكوومەتی عێراق نادەن".

شەشۆ گوتیشی: "پەكەكە لە شنگال نزیكەی ٣ھەزار چەكدار دەبن و لە ھەموو ناوچەكان بارەگایان ھەیە و حەشدی شەعبی پشتگیرییان دەكات، بەڵام حكوومەتی عێراق باسی لەوە كردووە كە ئەگەر پەكەكە دەرنەچێت، ھێز بەكار دێنن، پەكەكەش باسی لەوە كردووە، ئەوانیش ھێز دژی حكوومەتی عێراق بەكار دێنن، بۆیە ھیچ باسێك نییە پەكەكە بچێتە دەرەوە".

لای خۆشیەوە، لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە لە ژووری ھاوبەشی ئۆپەراسیۆنی عێراق، بۆ  ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئێمە پەكەكەمان ئاگادار كردووەتەوە كە ئەمڕۆ شنگال چۆڵ بكەن، ئەگەر نا ھێزیان بەرامبەر بەكار دەھێنین و بە زەبری ھێز دەریان دەكەین، چونكە ئەو مۆڵەتەی پێیان دراوە، تەواو بووە و چاوەڕێ دەكەین ئەمڕۆ تا ئێوارە شنگال چۆڵ بكەن و چەكەكانیش رادەستی سوپا بكەن، ھیواداریشین پابەندی بڕیارەكە بن و كێشە دروست نەكەن، ئەگەر نا حكوومەت سوورە لەسەر دەركردنیان".

تەڵعەت گوتیشی: "پەكەكە لە شوێنی دیكەوە پشتگیرییان دەكرێت، بۆیە ناچنە دەرەوە، بەڵام چارەی دیكەیان نییە جگە لەوەی شنگال چۆڵ بكەن و رێككەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا لەبارەی شنگال جێبەجێ بكرێت، بۆیە چاوەڕێ دەكەین تا ئێوارە بزانین پەكەكە چی دەكات و چ بڕیارێك دەدات".

 

بڵند ئیبراھیم   

هەواڵی پەیوەندیدار