ڤیان سەبری: بڕیارە لەم مانگەدا بهغدا بەشەبودجەی ھەرێم رەوانە بكات

بەغدا-KDP.info- سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراقپڕۆژەیاسای بودجەی پەسەند كرد، لە مانگی یەكی ئەمساڵەوە پشكی ھەرێمی كوردستان حیسابە و پێویستە لەم مانگەوە بەغدا پشكی ھەرێم رەوانە بكات بۆ ھەر سێ مانگەكە، چونكە پەسەندكردنی بودجە لە سەرەتای مانگی یەكەوە ھەژمار دەكرێت و بۆ یەك ساڵە، پشكی ھەرێمیش بۆ ئەمساڵ زیاتر لە١٢ترلیۆن دینارە.
د. ڤیان سەبری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، دوای ئەوەی دوێنێ پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقی پەسەند كرد، پشكی ھەرێمی كوردستان لە ١/١/٢٠٢١ حیسابە و پێویستە حكوومەتی عێراق پشكی ھەرێمی كوردستان بۆ ھەر سێ مانگی ڕابردوو رەوانە بكات بەپێی یاسای بودجە، كە پەسەند كراوە، چونكە ئەو یاسایە بۆ ئەمساڵە بە تێكڕا، نەك چەند مانگێك.
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق گوتیشی، بڕیارە لەم مانگەدا حكوومەتی عێراق بەشەبودجەی ھەرێمی كوردستان رەوانە بكات و ئەوەی رەوانەشی نەكردووە، ئەویش رەوانە بكات، بۆیە ئەو پرسە لە نێوان ھەردوو حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق یەكلا دەكرێتەوە، بەڵام بەپێی یاسای بودجە دەبێت، كە دەنگی لەسەر دراوە.
ناوبراو دەشڵێ، پشكی ھەرێمی كوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ئەمساڵ، زیاتر لە ١٢ترلیۆن دینارە و مانگانەش پشكی ھەرێمی كوردستان رەوانە دەكرێت، كە یاساكە بۆ یەك ساڵە.
ئاماژەشی دا: "ئێمە وەكو نوێنەرانی كورد لە بەغدا، ئەوەی لە تواناماندا بوو كردمان بۆ جێگیركردنی پشكی ھەرێمی كوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ئەمساڵ و پەسەندیش كرا".
بڵند ئیبراھیم




