٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەكتەبی پەیوەندییەكان و سەرۆكی ڕێكخراوی كۆمەڵگای ئەڵمانیا كۆبوونەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- پاولۆ براگانا، سەرۆكی ڕێكخراوی كۆمەڵگای ئەڵمانیا بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان، لەگەڵ مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك)دا كۆبوونەوە و لە دیدارێكدا جەختیان لە برەودان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوانیان كردەوە.

پاولۆ براگانا، سەرۆكی ڕێكخراوی كۆمەڵگای ئەڵمانیا بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان، كە بە سەردانێكی چەند ڕۆژە هاتوونەتە هەرێمی كوردستان، بە تایبەتی سەردانی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستانیان كرد و لەلایەن هەڤاڵانی دێسكی ئەورووپای پەیوەندییەكانی دەرەوە بە گەرمی پێشوازی كران.

لە دیدارەكەدا، پاولۆ براگا ئامانجی سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان خستە ڕوو و باسی پلان و بیرۆكەی تازەی ڕێكخراوەكەی كرد لە بواری هاوكاریی مرۆیی بۆ ئەو ئاوارانەی شەڕ لە ئایین و پێكهاتە جیاجیاكان، كە هێشتا هەریمی كوردستان بە تاكە پەناگەی ئارام لە ناوچەكەدا دەبینن، كە لە لایەن كۆمەڵگا و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستانەوە هاوكاری دەكرێن و ڕێز لە ئازادی و ماف و كەرامەتیان دەگیرێت، پاولۆ براگانا ڕایگەیاند كە پێویستە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەردەوام بێت لە پشتگیری و هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان بە تایبەتی لە ڕووی مرۆییەوە لە گرنگیدان بە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان و دامەزراوەكانیدا.

 پاولۆ براگانا، سەرۆكی ڕێكخراوی كۆمەڵگای ئەڵمانیا بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان، خۆشحاڵیی خۆی بە ئاستبەرزیی پەیوەندییەكانی ڕێكخراوەكەیان لەگەڵ مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك)ـدا خستە ڕوو بۆ بەردەوامیدان بەو هاوكاری و هەماهەنگییەی لە ڕابردوودا بنیاد نراوە و گەیشتووەتە ئاستێكی هیوابەخش، بۆ ئەوەی هەردوو لا پێكەوه‌ بتوانن ئەو ئامانجە هاوبەشانە بپێكن كە لە ڕابردوودا كاریان لەسەری كردووە بۆ خزمەتی پێشكەوتنی  كۆمەڵگای هەرێمی كوردستان لە بواری پرسەكانی ئاشتی، دیموكراسی، كۆمەڵگای مەدەنی، پێشكەوتنی كەلتووری پێكەوەژیان و ئازدی و مافەكانی مرۆڤ و لێبووردەیی و فرەیی و، زیاتر ئاشناكردنی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بە پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان و چڕكردنەوەی هەوڵەكانیان بۆ ئەوەی بیرۆكەی پڕۆژەی دامەزراندنی ڕێكخراوێكی تایبەت بە كۆمەڵگای هەرێمی كوردستان بۆ نەتەوەیەكگرتووەكان بگاتە ئەنجام، كە بە پشتیوانیی رێكخراوی كۆمەڵگای ئەڵمانیا بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی هاوشێوە، هەرێمی كوردستانیش بتوانێ لەم بوارەدا چالاك بكرێت و پەیوەندییەكانی لەم بوارەدا گەشە پێ بدات.

هەر لە دیدارەكەدا، بە فراوانی دواپەرەسەندنەكانی ناوخۆیی و ناوچەیی بۆ شی كرایەوە، باسی پێشكەوتنەكان لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا كرا و بە فراوانیش لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی هەرێمی كوردستان بە تایبەتی لەگەڵ كۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ كرا، هەروا باسی دۆخی ئێستای كۆرۆنا لە كوردستان و ناوچە و جیهان كرا و هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێم  بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەكان، هەوڵە بەردەوامەكانی حكوومەتی هەریمی كوردستان لە بواری چاكسازی، گەشەپێدان و پێشكەوتن و ئاسایش و سەقامگیری كرا.

هەردوو لا جەختیان لە برەودان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوانیان كردەوە و شیكردنەوەش بۆ چەند بابەتێكی جێی بایەخی  نێوان هەردوو لا كرا.

 

هەواڵی پەیوەندیدار