محەمەد شوکری بۆ KDP: ئەمڕۆ تیمەکان دەستبەکار بوون

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، بۆ یەکەم جار شێوازێکی نوێی ئەنجامدانی پڕۆژە لە ھەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکەن، کە چەند تیمێکیان دروست کردووە و سەردانی سەرجەم پارێزگاکان دەکەن و شوێن بۆ پڕۆژە دیاری دەکەن، هەروەها وەبەرھێنەر دەبەن و پڕۆژە لەو شوێنانە ئەنجام دەدەن، ئەمڕۆش تیمەکان دەستبەکار بوون و سەرەتاش سەردانی پارێزگای سلێمانییان کرد.
د. محەمەد شوکری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "چەندین تیممان پێک ھێناوە، کە سەردانی سەرجەم شار و شارۆچکەکان دەکەن و پلانی پارێزگاکان وەردەگرن و دەست بە پڕۆژەی ئاراستەکراو دەکەن، کە شوێنی پرۆژە و زەوی دەستنیشان دەکەین و جۆری پڕۆژەکە دیاری دەکەین لەگەڵ خزمەتگوزاری و، وەبەرھێنەر دەبین تا پڕۆژەکە ئەنجام بدەن، کە ئەو کارە لە ھەموو پارێزگا و قەزا و ناحیەکان ئەنجام دەدەین".
شوکری گوتیشی، لەمڕۆوە دەست بە ئەنجامدانی سەردانەکان کراوە و ئەمڕۆش تیمەکان سەردانی سلێمانییان کرد و لەوێشەوە سەردانی ھەموو قەزا و ناحیەکانیش دەکەن، کە پلانی ھەموو شوێنەکان سەرەتا وەردەگرن و شوێنەکان دیاری دەکەن لەگەڵ جۆری پڕۆژەکان.
ناوبراو باسی لەوەش کرد: "کە سەردانی ھەموو شوێنەکان کرا و پلانەکان دیاری کران، ئەوکات کۆمەڵێک وەبەرھێنەر دەبەین و کێبڕکێ دروست دەکەین، بۆ ئەوەی پڕۆژەکان ئەنجام بدەن، کە ئەمەش یەکەم جارە لە ھەرێمی کوردستان ئەم جۆرە پرۆسەیە ئەنجام بدرێت".
دەشڵێ: "لە پڕۆژەکاندا ئەولەویەت بۆ کەرتی پیشەسازی و گەشتیاری و کشتوکاڵی دەبێت، هەروەها بڕیارە چەند نەخۆشخانەیەکیش بۆ هەندێک ناوچەی دوورەدەست دروست بکەین، وەکو چەمچەماڵ، کفری، کەلار، راپەڕین، شەقڵاوە و چەند ناوچەیەکی دیکە".
بڵند ئیبراھیم




