لە ھەرێمی کوردستان سێ پڕۆژەی بەرھەمھێنانی کارەبا لە خۆر جێبەجێ دەکرێت

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری بەرھەمھێنانی کارەبا لە وەزارەتی کارەبای حکومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، بەم نزیکانە دەست بە جێبەجێکردنی سێ پڕۆژەی بەرھەمھێنانی کارەبا لە ھەرێمی کوردستان دەکرێت کە کارەبا لە خۆر بەرھەم دەهێنن.
دیار تاھیر بابان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە پارێزگاکانی ھەولێر و دھۆک و سلێمانی سێ پڕۆژەی بەرھەمھێنانی کارەبا دروست دەکرێن کە کارەبا لە خۆر بەرھەم دەھێنن و ھەفتەی داھاتوو تەندەری پڕۆژەکان ڕادەگەیەنین، کۆمپانیاکانیش دەتوانن داواکاری بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان پێشکەش بکەن."
دیار تاھیر بابان گوتیشی: "تەندەر بۆ کێ دەربچێت ئیحالە دەکرێت و دواتریش گرێبەست دەکرێت و لە ماوەیەکی نزیکدا دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان دەکرێت کە سێ وێستگەیە و ٧٥ مێگاوات کارەبا بەرھەم دەھێنن و بۆ ھەر پارێزگایەک ٢٥ مێگاوات دەبێت."
بڵند ئیبراھیم




