٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی پێشمەرگه‌: ھاوپەیمانان ھاتوونەتە سەر هێڵ

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری راگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، جموجۆڵی داعش بە جۆرێك زیا دبووە و بوونەتە مەترسی، كە ھاوپەیمانان ھاتوونەتە سەر هێڵ و داوا دەكەن چاودێرییان بكرێت و زانیارییان لەسەر كۆبكرێتەوە، هەروەها لە ھەر ناوچەیەكیش پێویست بێت، ئۆپەراسیۆن ئەنجام بدرێت.

لیوا بەكر فەقێ ئەحمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بەپێی ئەو بەڵگانەی ھەن، داعش جارێكی دیكە خۆی رێك خستووەتەوە و گرووپی دروست كردوون، ھاوپەیمانانیش كۆبوونەوەی خۆیان ئەنجام داوە و جەختیان لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە پێویستە كار بۆ كۆكردنەوەی زانیاری لەبارەی داعش و چاودێریكردنیان بكرێت، چونكە جارێكی دیكە بوونەتە مەترسی".

بەرێوبەری راگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە گوتیشی: "هاوپەیمانان باسیان لەوە كردووە، كە لە ھەر شوێنێك پێویست بێت لە ناوچە كوردستانییەكان، ئۆپەراسیۆن دژی داعش ئەنجام بدرێت، چونكە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان، كردەوەیان گەلێك زۆر بووە، بە تایبەت لەو ناوچانەی دەكەونە نێوان ھێزی پێشمەرگە و ھێزی عێراقی".

ناوبراو روونیشی كردەوە، بە ھۆی زیادبوونی جموجۆڵی داعشەوە، ھاوپەیمانان ھاتوونەتە سەر هێڵ و ھەستیان بە مەترسی كردووە، ھەر بۆیەش ئەو داواكاریانەیان كردووە.

دەشڵێ، تا ئێستا ھەر دەستی دەستی بە رێككەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا دەكرێت لە بواری سەربازیدا و تا ئێستا جێبەجێ نەكراوە، چونكە ئەگەر رێككەوتنەكە جێبەجێ بكرێت، دەتواندرێت تارادەیەكی باش كۆنتڕۆڵی دۆخەكە بكەن.

 

بڵند ئیبراھیم    

هەواڵی پەیوەندیدار